سنور ميديا
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، یەكڕیزی هەنگاوێكە بۆ گەیشتن بەئامانجەكان، بەتایبەت لە ئێستادا بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور بەداخەوە تائێستا هەرێم دوای چەندین هەوڵ و پێكهێنانی لیژنە و پرساندنی ئەم بابەتە نەبۆتە خاوەن دەستوورێك بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەرەكانی پڕۆسەی حوكمڕانییەكی پێشكەوتوو.
جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوك نووسیویەتی”بە بوونی دەستوورێكی دیموكراسییانە بنەما سەرەكییەكانی دامەزراندنی سیستەمی حوكمڕانی ئاراستەی خۆی وەردەگرێت دوور لە كێشمە كێشمی سیاسی، دەسەڵاتە گشتییەكان دیاری دەكات وەك دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكار و دادوەری”.
دەشڵێت،”ئەو هەوڵانەی كە ئێستا چڕ بۆتەوە بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی دەستوور لە لایەن هێزە ساسییەكان و خەڵكی كوردستان بەگرنگیی و پڕ بایەخەوە لێی دەڕوانرێت و گفتووكۆكان دەستی پێكردووە وەكو سەرەتایەك بۆ هەنگاونان و خۆئامادەكردن، چونكە ئەو پڕۆسەیە پێویستی بە دروستبوونی زەمینەسازییەكی لەبار هەیە بەتایبەت لە نێوان پارتە سیاسییەكان كە خۆی لە یەكڕیزی نیشتیمانی دادەبینێتەوە”.
راشیگەیاندووە، دانانی دەستوور گرنگە لەسەر بناغەی كۆمەڵێك یاسا دابڕێژرێت كە ڕەهەندەكانی نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیان و مافی تاكەكانی كۆمەڵگای بەگشتی تیا پارێزراو بێت، دووربێت لە مۆركی ناوچەگەرایی و هەژموونی بەرژەوەند خوازی حزبی، لە هەمان كاتدا دەبێت ڕەنگدانەوەی گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزاكان بێت.
(هەینی) تان باش
یەكڕیزی هەنگاوێكە بۆ گەیشتن بەئامانجەكان، بەتایبەت لە ئێستادا بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور.
بە بوونی دەستوورێكی دیموكراسییانە بنەما سەرەكییەكانی دامەزراندنی سیستەمی حوكمڕانی ئاراستەی خۆی وەردەگرێت دوور لە كێشمە كێشمی سیاسی، دەسەڵاتە گشتییەكان دیاری دەكات وەك دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكار و دادوەری، بەداخەوە تاكو ئێستا هەرێمی كوردستان دوای چەندین هەوڵ و پێكهێنانی لیژنە و پرساندنی ئەم بابەتە نەبۆتە خاوەن دەستوورێك بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەرەكانی پڕۆسەی حوكمڕانییەكی پێشكەوتوو لە پێناو داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییەكانی نیشتیمانی و هاووڵاتی بوون، ئەو هەوڵانەی كە ئێستا چڕ بۆتەوە بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی دەستوور لە لایەن هێزە ساسییەكان و خەڵكی كوردستان بەگرنگیی و پڕ بایەخەوە لێی دەڕوانرێت و گفتووكۆكان دەستی پێكردووە وەكو سەرەتایەك بۆ هەنگاونان و خۆئامادەكردن، چونكە ئەو پڕۆسەیە پێویستی بە دروستبوونی زەمینەسازییەكی لەبار هەیە بەتایبەت لە نێوان پارتە سیاسییەكان كە خۆی لە یەكڕیزی نیشتیمانی دادەبینێتەوە، لە ئێستادا ئەو ئاستەنگانەی كە بوونەتە كۆسپ لە بەردەم نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور نەبوونی یەك گووتاری و یەكڕیزییە لەنێوان كۆی پارتە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ ئەوەش دەبێت هەوڵی جددی و ئیرادەی بەهێز هەبێت بۆ ئاشتبوونەوە و دانانی میكانیزمێك بۆ خێراكردن و ئامادەكردنی ئەو ڕەشنووسەی كە داهاتووی گەلێكی پێوە بەندە بە پشت بەستن بە هێزیكی نیشتیمانی یەكگرتوو و ئابوورییەكی دەوڵەمەند وەكو ژێرخان.
دانانی دەستوور گرنگە لەسەر بناغەی كۆمەڵێك یاسا دابڕێژرێت كە ڕەهەندەكانی نیشتیمانی و كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیان و مافی تاكەكانی كۆمەڵگای بەگشتی تیا پارێزراو بێت، دووربێت لە مۆركی ناوچەگەرایی و هەژموونی بەرژەوەند خوازی حزبی، لە هەمان كاتدا دەبێت ڕەنگدانەوەی گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزاكان بێت، ئەمەش لە ئاست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگیی و بایەخێكی زۆری پێ دەدرێت، چونكە كە دەستوور لە دایك دەبێت نابێت تەنها وەكو دەقی یاسایی سەیر بكرێت، بەڵكو بەرپرسیارییەتێكی گەورە هەڵدەگرێت بەرامبەر بە گەل و نەتەوە، بۆیە پێویست دەكات تەنها حزبەكان بەشدار نەبن لە نووسینەوەی، بەڵكو گرنگە كەسانی ئەكادیمی و شارەزا لە لە بوارە جیاجیاكانی یاسایی و ئابووری و ئایینی و كۆمەڵایەتی…..هتد بەشداری تێدا بكەن.
لێرەدا بۆ ئەوەی پڕۆسەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور بۆ هەرێمەكەمان ڕێچكەیەكی تەندروست بگرێت و لە شێوە تقلیدییەكەی ووڵاتانی چوار دەورمان جیابكرێتەوە، دەبێت چەمكی یەكڕیزی بكەین بە بنەمای ڕێكخستنەوەی یاساو ڕێساكان، هەرچەندە لە ووڵاتە پێشكەوتووەكان و دنیای دیموكراسیدا شتێك نیە بە ناوی یەكڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسیەكان، بەڵكو زیاتر كێبڕكێیە لە پێناوی خزمەتی زیاتر بە پڕەنسیبە تایبەتەكانی وەك بەرژەوەندی گشتی و نەتەوە و پاراستنی فەرهەنگ و كلتوور و زمان و بەهاو نرخی تاك و گەشەی ئابووری و فەراهەمكردنی ئاسایش، بەڵام بۆ ئێمە ئەم چەمكە واتا یەكڕیزی مایەی سەقامگیربوون و هەستكردنە بە بەرپرسیارێتی، هەڵكەوتەی ناوچەكەش ئەوە دەخوازێ كە بەیەكڕیزی و یەك گووتاری زیاتر ماف و ئامانجەكان بەدەست دێت، لێرەدا دیموكراسی نەگەیشتۆتە قۆناغی كامڵ بوون بۆ بەردەوامبوونی پێشبڕكێكان لە پڕۆسەی سیاسی بوون كە ئامانج تیایدا خزمەت كردن بێت بە هاووڵاتی، سەرەڕای هەموو ئەو كێشانەش دەبێت بۆ ئاسۆیەكی گەش بڕوانین و كاربكەین بۆ نووسینەوە و دانانی دەستوورێك كە هەموو یاساكانی تێدا جێگیر بكرێت و مافی پێكهاتەكانی بەیەكسانی تێدا دابڕێژرێت و دەستوورێكی دیموكراسییانە و شارستانییانە بێت بۆ ئەوەی گشت كوردستانیان زیاتر هەست بە ئارامی بكەن، ئەركی سەرشانی كۆی پارتە سیاسییەكانە یەك هەلوێست و یەكڕیز بن لەپێناو پەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان و دابینكردنی سەقامگیرییەكی زیاتر بۆ هەرێمەكەمان لە چوارچێوەی دەستوورێكی دیموكراسی و شارستانیانە.