سنور ميديا

نووسەر ئیگۆر سپۆتین لە رۆژنامەی ” نیزاڤیسیمایا گازێتا”ی رووسیی بەباتێکی لەسەر ئاماژەکانی پشت رەوانەرکردنی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان باسکردووە کە لەدوای گرتنەدەستی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەلایەن جۆ بایدنەوە یەکەم سەردانی لەوشێوەیە.

 

 

نووسەر لەبابەتەکەیدا دەڵێت” هێشتا ئیدارەی بایدن هیچ ستراتیژییەتێکی ڕوونی خۆی لەبارەی پرسی سوریا ئاشکرانەکردووە، ئەمەش لەگەڵ ئەو خواستەی واشنتۆندا نایەتەوە کە دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ ئێراندا چارەسەر بکات، سەردانی شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەش بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد لە سوریا، لەلایەن میدیا هەرێمییەکانەوە والێکدەدرێتەوە کە ئەمە مانای وایە واشنتۆن هێشتا لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییدایە بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتە و هێشتا گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی ئەو وڵاتە بەپێویست دەزانێت.

 

 

لەبەشێکی بابەتەکەی نووسەرە روسییەکەدا هاتووە” لەگەڵ ئەوەی رووسیا و ئەمەریکا لەسوریا ناکۆکی قوڵیان هەیە، بەڵام هێشتا بەشێوەیەکی باش پارێزگاریان لە پەیوەندییەکانیان کردووە، هەر ئەمەش لەلایەن سێرگی شویگۆی وەزیری بەرگری رووسیا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی “تێنگرینیوز”ی کازاخستاندا ئاشکرا بوو، بەشێوەیەک شویگۆ جەختی کردەوە کە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئیدارەی بایدن جێگای ئومێدن.

 

 

لەوبارەیەشەوە، ئەنتۆن مارداسۆڤ، توێژەر لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست ( MEI) و پسپۆڕ لە ئەنجوومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی لە رووسیا دەڵێت: دۆخەکە دوولایەنەیە، لەلایەکەوە بایدن لە کۆنەوە بەوەناسراوە کە پشتیوانیکەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، بەڵام بەشێوازێک نا کە لەسەر ئاستی جیهاندا هێزێکی گەورە بڵاوەپێبکرێت، بەڵکو بەبەکارهێنانی هێزی تایبەتی بچووک و لەگەڵ بوونی پاڵپشتیی ئاسمانیی.

 

 

بەومانایە، کۆشکی سپی لەچوارچێوەی تاکتیکاتی پێشبینیکراودا هەڵسوکەوت دەکات، بەشێوەیەک پشتیوانی “سوریای جێگرەوە” کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەگرێتەوە، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوشارخستنە سەر ئێران و دیمەشق و تورکیا دەکات، لەهەمان کاتیشدا دڵنیایی دەداتە ئەو هێزانە بەوەی هەڵەکانی ترەمپ بەرانبەریان دووبارە ناکاتەوە.

 

 

لەلایەکی ترەوە، بەگوێرەی مارسادۆڤ، هێشتا روونە نەبۆتەوە کە چڕکردنەوەی هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا بەئاراستەی ئێران لەکۆتاییدا چی رەنگدانەوەیەکی لەسەر لایەنە جومگەییەکانی سیاسیەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرانبەر بە پرسی سوریا دەبێت.