سنورمیدیا
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی له سلێمانی دەربارەی داگیرکارییەکان و بێدەنگی حزبەکەیان و لایەنەکانی دیکە دەڵێت، حزبەکان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرییان نییە و “پارتیش هیچی بەرامبەر تورکیا پێناکرێت”، تاکەچارەسەریش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو کێشەکان بە یەکێتی کورد دەزانێت و هۆکارەکانی یەکنەبوونی کوردیش دەخاتەڕوو.
لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی ٤ی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی تورک هێرشێکی نوێی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکردووە و هێرشەکانی تا ئێستاش بەردەوامن، زۆرینەی لایەنەکانیش بێدەنگن، لەم بارانەوە ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان- لە ‘پارێزگای سلێمانی- هەڵەبجە’، بۆ ڕۆژنیوزی نزیك له پارتی كرێكاران دواوه.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
-دژی داگیرکارییەکان بۆ کۆدەنگی نییە؟
“نەبوونی یەکڕیزی”
ئاری هەرسین: ئەو کۆدەنگی و یەکڕیزییەی کە پێویستە لە ماڵی کورددا هەبێت تەنانەت لە کوردستانی عێراقیشدا نییە، بە نموونە، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، هەروەها لایەنە سیاسییەکانی دیکەش لە ئاستێکی پێویستدا نین، ئەمە بەشێکی هۆکارەکەیە و بەشێکی دیکەشی بۆ ئاڵۆزی جوگرافیای کوردستان دەگەڕێتەوە، کە هەر وڵاتێکی دراوسێ لە ناوچەکەدا بەرژەوەندییەکی جیاوازی هەیە، بۆیە ستراتیژیەتێکی نەتەوەیی ئەستەمە لەنێو کورد-دا.
-دەوترێت دەوڵەتی تورک دەیەوێت خەلافەتی عوسمانی زیندووبکاتەوە، ئایا توانای دەبێت؟
“بێ پشتگیریی وڵاتان ناتوانێت”
ئاری هەرسین: ئەگەر ئەردۆغان و تەواوی دەسەڵاتدارانی تورکیا بڕوایان بە زیندووبوونەوەی خەلافەتی عوسمانی هەبێت، بە بێ پشتگیریکردنی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل هیچیان پێ ناکرێت و زیندوکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی هەر بە خەون دەمێنێتەوە”.
-بێدەنگی حزبەکەی ئێوە بەرامبەر داگیرکاریی بۆ؟
“پارتی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیای نییە”
ئاری هەرسین: پێویستە لەوە تێبگەین، کە چیمان پێدەکرێت، نە پارتی بەرامبەر بە تورکیا کە دەوڵەتێکی زلهێزی ناتۆیە هیچی پێدەکرێت، نە یەکێتیش لەم سنوورەدا بەرامبەر بە ئێران دەسەڵاتی هەیە، بۆیە پێش ئەوەی بە پارتی بوترێت بۆ بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگیت، دەبێت بەرامبەر بە عێراق بوترێت، چونکە ئێمە دەوڵەت نین، پارتی دیموکرتی کوردستانیش لەو پێگە سیاسی و سەربازی و ئابوریی و دیپلۆماسیەدا نییە کە بتوانێت ڕێگری بکات بۆ ناو خاکی عێراق.
-هۆکاری نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی کورد بۆ چی دەگێڕنەوە؟
“بەرژەوەندی سیاسیی و وڵاتان ڕێگرن”
ئاری هەرسین: ئێمە ئەوکاتەی لە باشوور ڕژێمی بەعس کیمیابارانی دەکرین و ئێران فشارێکی زۆری خستبووە سەر ڕۆژهەڵات و لە باکوور تورکیا دژی جوڵانەوەی کورد دەوەستایەوە، ئەوکاتانەی کە لە مەینەتدا بووین نەمانتوانی بەرەیەکی گشتگیر و یەکگرتوو دروستبکەین، ئێستا کە باروودۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندی حزبی لەپێش دۆزی نیشتیمانیەوە دەبینن، هەروەها بەشێکی دیکە لە هۆکارەکان بەشێک لە دەوڵەتانی دیکەیە کە ترسیان لە یەکگرتنی کورد هەیە، چونکە کە لەنێو خۆماندا یەکگرتووبین بەهێز دەبین، ئەوانیش ترسیان لەوەیە ببین بە دەوڵەت.
-ئەو مەترسییانە چیە لە ئێستادا لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
“مەترسییەکان زۆرن”
ئاری هەرسین: مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کەم نین، لە ئێستادا کێشەی ئابووری و مەترسی داعش، هەروەها کێشەی هێرشی تورکیا و ئێران کە ڕێز لە سەروەری خاکی کوردستان ناگرن و هەریەکە و بە بیانوویەک هێرش دەکات، بۆیە مەترسییەکان زۆرن و هەر باشە خۆمان ڕاگرتوە.
-بەبڕوای ئێوە چارەسەر چییە؟
“یەکگرتن”
ئاری هەرسین: ئێمە نە پێویستمان بە پارە هەیە، نە هێزی سەربازیی بەهێز، چونکە کە یەکگرتووبووین ئەوانە هەموویان درووستدەبن، تەنها چارەش بۆ تێپەڕاندنی کێشەی کورد تەنها یەکگرتنە کە کێشەیەکی ڕیشەیی گەلی کوردە.