ئه‌مه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ، و له‌مه‌و به‌ریش نیزیك به‌ ٣٠ ساڵه‌ باس له‌ ده‌ستورێك ده‌كرێت بۆ ئه‌م ولاته‌ كه‌ كارێكی باشه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو مافه‌كان تێیدا ڕه‌چاو بكرێن ، من لێره‌ نامه‌وێت به‌ درێژی له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بدوێم ، ته‌نها ئاماژه‌ به‌ چیرۆكێك ده‌كه‌م كه‌ بووم هاتووه‌ و ده‌ڵێت :

(( مامۆستایه‌كی به‌شی یاسا له ‌قوتابییه‌ك پرسی ناوت چییه‌ ؟ دوای ئه‌وه‌ی قوتابیه‌كه‌ خۆی ناساند، مامۆستاكه‌ یه‌كسه‌ر پێی گوت پۆل به‌ جێبهێله‌ و بڕۆ ده‌ره‌وه‌، قوتابیه‌كه‌ سه‌ری سوڕما و هه‌وڵی دا هۆكاره‌كه‌ بزانێت، به‌ڵام رێگا پێنه‌درا ومامۆستاكه‌ كردیه‌ ده‌ره‌وه‌، و هاوپۆله‌كانی بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد .

ماموستا ده‌ستی كرد به‌ وانه‌ گوتنه‌وه‌ و پرسیاری كرد: ئێمه‌ یاسامان بۆ چیه‌ ؟ قوتابیه‌ك وڵامی دایه‌وه‌ : بۆ  رێكخستنی مامه‌ڵه‌ی خه‌لكه‌. قوتابیه‌كی تر : بۆ ئه‌وه‌یه‌ یاسا جێبه‌جێ بكرێت . قوتابی سێیه‌م : بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هێز سته‌م له‌ بێهێز نه‌كات .

ماموستا گوتی راسته‌ به‌ڵام وڵامی سه‌ره‌كی  هێشتا ماوه‌ . قوتابیه‌كی تر: بۆ به‌ دیهێنانی دادپه‌روه‌ری .

ماموستا گوتی دا په‌روه‌ری چییه‌ ؟ قوتابی گوتی پاراستنی ماف و رێگرییه‌ له‌ سته‌م .

مامۆستا سه‌ری بڵند كرد و گوتی به‌ بێ ترس وڵامم بده‌نه‌وه‌ ؛ ئایا من زوڵم و سته‌مم له‌و قوتابیه‌ هاوپۆله‌كه‌تان كرد كه‌ كردمه‌ ده‌ره‌وه‌ ؟ .

هه‌موویان به‌ یه‌ك ده‌نگ گوتیان ؛ به‌ڵێ

مامۆستاكه‌ به‌ توڕه‌یی گوتی ئه‌ی بۆ هه‌مووتان بێده‌نگ بوون و هیچتان نه‌گوت و نه‌ كرد ؟  یاسا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت ، بۆ چییه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بوێر نه‌بین كه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین ؟ ئێوه‌ كه‌ بوێر نه‌ بوون بێده‌نگ بوون جورئه‌تم كرد و ده‌رم كرد ، ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بێده‌نگ بن له‌و كاته‌ی كه‌ كه‌سێك زوڵمی لێده‌كرێت و به‌رگری له‌ دادپه‌روه‌ری ناكه‌ن، مرۆڤایه‌تیتان له‌ ده‌ست ده‌دن، له‌ كاتێكدا كه‌ سازش له‌ سه‌ر مرۆڤایه‌تی ناكرێت .

مامۆستاكه‌ داوای له‌ قوتابیه‌ ده‌ركراوه‌كه‌ كرد كه‌ بگه‌رێته‌وه‌ پۆل، و داوای لێبوردنی لێكرد و روی كرده‌ قوتابیه‌كان و گوتی: ئه‌مه‌ وانه‌ی ئه‌مڕۆتانه‌، له‌ سه‌رتان ئه‌ركه‌ و پێویسته‌ به‌ درێژای ته‌مه‌نتان له‌ كۆمه‌ڵگادا به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م هیچ كات بێده‌نگی هه‌ڵنه‌بژێرن .))

ئایا ئێمه‌ رێزمان له‌ یاسا گرتووه‌ ؟ .