سنور ميديا
داواكاری بۆ كردنەوەی چوار دەروازەی نوێی سنووریی گەیشتۆتە دەستەی دەروازە سنووریەكانی عێراق، بەڵام عێراق رازی نییە بۆ كردنەوەی دەروازەی نوێ لەكوردستان.
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق لەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، داواكاری كردنەوەی چوار دەروازەی نوێی نێودەوڵەتی لە پارێزگاكانی بەسرە و سلێمانی و موسەنا و واست رەوانەی دەستەكەیان كراوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی دەروازە سنوورییەكان داوای پێكھێنانی لیژنەیەكیان كردوە.
هەروەها عەمید سالار عەبدوڵا، نوێنەری حكومەتی ھەرێم بۆ كاروباری دەروازە سنوورییەكان لەبەغدا بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو چوار داواكاری بۆ كردنەوەی دەروازەی نوێی سنووری پێشكەش بە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق كراوە.
ناوبراو روونیكردەوە، داوای كردنەوەی دەروازەی سازان كراوە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، بەڵام حكومەتی عێراق رەزامەند نییە بە كردنەوەی ھیچ دەروازەیەكی نوێ لە سنووری ھەرێمی كوردستان، تا بڕیاری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ نەكات، كە بەپێی بڕیارەكە دەبێت دەروازە سنوورییەكان ببەسترێنەوە بە دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراقەوە، تا ئەو بڕیارەش جێبەجێ نەكرێت، بڕیار لەسەر كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی ھەرێم نادرێت.