سنور ميديا
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، رێککەوتن و یەک لیستیان لەگەڵ گۆڕان بۆ ئارامی و ته‌بایی و یه‌كریزی كوردستانی و هەروەها بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی زۆر پێویست بووە، جەختیش دەکاتەوە بەرێککەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەتوانرێت پێکەوەژیان لەناوچە دابڕاوەکان بەهێزتر بکرێت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، ئه‌مڕۆ 20-5-2021 به سه‌رپه‌رشتی هاوسه‌رۆكانی حزبەکەیان، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی له سلێمانی ئەنجامداوە، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه لەچه‌ند ته‌وه‌رێك پێکهاتووە ، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ته‌ئكیدیكردوەتەوە له‌سه‌ر گرنگی و بایه‌خی پێكهێنانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لێكتێگه‌یشتنی چه‌ند لایه‌نێكی كوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه بڕیاره رۆژی 10-10-2021 ئه‌نجامبدرێت.
ئەوەش هاتووە، ئه‌و هاوپه‌یمانی و لێكتێگه‌یشتنه ده‌بێته مایه‌ی ئارامی و ته‌بایی و یه‌كریزی كوردستانی كه بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی زۆر پێویستن.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی باسی له‌وه‌شكردوە، “هه‌روه‌ها وێرای پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و رێكخستن و هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی به بۆنه‌ی 46 هه‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی و 45 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شۆرشی نوێی گه‌له‌كه‌مان به رابه‌رایه‌تی سه‌رۆك مامجه‌لال، ئۆرگانه‌كانی راسپارد به ره‌چاوكردنی ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كانی تایبه‌ت به په‌تای كۆرۆنا، یاده مه‌زنه‌كه به جۆش و خرۆشی یه‌كێتیانه‌وه بكه‌نه‌وه و راگه‌یاندنه جیاجیاكانی یه‌كێتیشی راسپارد ئه‌و ئه‌ركه حزبی و نیشتمانیه جێبه‌جێبكه‌ن”.
لەراگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، “ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له كۆبونه‌وه‌كه‌یدا هه‌ڵوه‌سته‌ی جددی له ئاستی ره‌وشی ئه‌منی، سیاسی و خزمه‌تگوزاریی، ناوچه جێناكۆكه‌كان به گشتی و كه‌ركوك و خانه‌قین به‌تایبه‌تی كرد و پێیوابو باشترین رێوشوێنی دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان له‌و ناوچانه به سه‌رخستنی ژیرانه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عیراق و هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌بێت”.
له‌باسی ژیان و گوزه‌رانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئاماژەی بەوەکردوە، جەخت دەکەنەوە له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه په‌سه‌ندكراوه و ده‌بێته‌ی مایه‌ی دابینكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌ش، تایبه‌ت بو به ژیانی رێكخراوه‌یی حزبی.