سنورمیدیا ـ تایبه‌ت
له‌چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی نهێنی نێوانیان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان و نه‌وه‌ی نوێ كازم فاروق، ده‌گه‌ڕێننه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان.
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به سنورمیدیای ڕاگه‌یاند”فراكسۆنی نه‌وه‌ی نوێ ماوه‌یه‌ك پێشتر له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هه‌وڵیاندا، كازم فاروق، سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كه‌یان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام بێسوود بوو”.
وتیشی” ماوه‌ی پێشوو پارتی و نه‌وه‌ی نوێ ڕێككه‌وتنی نهێنیان كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ بۆ پارتی، گه‌ڕانه‌وه‌ی كازم فاروقه بۆ ناو په‌رله‌مانی كوردستان”.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی سنورمیدیا له‌باره‌ی چۆنییه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی كازم فاروق، بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایكرد” فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان واژۆ كۆده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كازم فاروق بخرێته ناو به‌رنامه‌ی كار و پاشان له‌ناو دانیشتنه‌كه به‌شێكی پارتی و كۆتاكان، ده‌نگ ده‌ده‌ن به گه‌ڕانه‌وه‌ی”.
ڕۆژی 31ی مانگی (ئازار/3)ی 2021 له‌كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، كازم فاروق سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ دوای ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی پێنه‌درا له‌سه‌ر پرسی موچه قسه‌بكات، پێڵاوه‌كانی داكه‌ندو فڕێیدایه سته‌یجی به‌رده‌م ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، دوای ئه‌و ره‌فتاره‌ش، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند، به‌ده‌نگی 74 په‌رله‌مانتار بڕیاردراوه، تائه‌وكاته‌ی كازم فاروق به‌فه‌رمی داوای لێبوردن له‌په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كات، رێگه‌ی پێ‌نادرێت به‌شداری هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی په‌رله‌مان بكات.