وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم لەسەر پەخشى راستەوخۆى خۆسوتاندنی گەنجێکی ڕۆژهەڵات لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر هاتە دەنگ و دەڵێت، ڕێککاری یاسایی دەگرنە بەر.
شیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا رایگەیاند (18ی ئایاری 2021) وتی “دوای ئەوەی لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە میانی پەخشی ڕاستەوخۆداو بە ئامادەبوونی پەیامنێرو وێنەگری چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن گەنجێکی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سوتاندو ئەوان ڕێگرییان نەکردو ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردووەتەوە، وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێککاری پێویست دەگرینە بەر”.
باسی لەوەشکرد، لەسەر داواکاری وەزیری ڕۆشنبیری لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ دەوام تاوەکو ڕێککاری پێویست لەگەڵ ئەو دەزگایانە بگیرێتەبەر کە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە، چونکە لە ڕۆژانی ڕابردوو بە نوسراو ئاگاداریان کردوون لەوەی ڕێگری بکەن لە دیمەنی توندوتیژی و خۆ کوشتن.
شیروان عەبدوڵڵا داواشیکرد، هەرچی زووە داواکاری گشتی بێتە دەنگ و سکاڵا دژی ئەو پەیامنێرو وێنەگرانە تۆمار بکات کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و ڕێگرییان نەکردووە.
جەختی لەوەشکردەوە، هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڤیدیۆی خۆسوتاندنی ئەو گەنجەی بڵاوکردبێتەوە بەپێی یاساکان ڕێککاری یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر.