وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمارى عێراق ئاشكرایده‌كات، د.به‌رهه‌م ساڵح سەرۆک کۆمار لایەنە کوردیەکانی ئاگادارکردۆته‌وه‌ كه‌ خۆیان بۆ پێشهاتی نوێ لەناوچەکە ئامادەبکەن‌و یەکڕیزبن، باس له‌وه‌شده‌كات، له‌و ڕوه‌وه‌ دکتۆر بەرهەم‌و مەسعود بارزانی کۆبوونەوەیەکی دورودرێژیان ئەنجامداوە.
 
حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری ئاشكرایده‌كات، سەردانەکەی چەند هەفتەی ڕابردووی د.به‌رهه‌م ساڵح بۆ هه‌ولێرو سلێمانى، ئاگادارکردنەوەی لایه‌نه‌ كوردیه‌كان بوه‌ بووە لەپێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە.
 
به‌وته‌ى ئه‌و، “له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ د.بەرهەم ساڵح سه‌رۆك كۆمارو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژیان ئەنجامداوە”.
 
ئه‌وه‌ش ئاشكراده‌كات، به‌رله‌وه‌ى د.به‌رهه‌م سەردانى هه‌رێمى كوردستان بكات، چەندجارێک چاوی بەسەرۆکی هەرێم‌و هۆشیار زێباری کەوتووە، ئەوانیش دەستپێشخەریەکەیان بەلاوە گرنگبووە، وه‌كو ده‌ڵێت:”د.بەرهەم بۆیە هات بۆ هەرێم، پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێویستی بەپێداچوونەوەو چاککردن هه‌یه‌، یەکڕیزیش لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، هەروەها هەرێمیشی هاندا بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا.”
 
وه‌كو وته‌بێژى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌و دیداره‌دا له‌گه‌ڵ ده‌نگى ئه‌مریكا باسیكردوه‌، سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار كاریگه‌رى باشى هه‌بوه‌، نمونه‌ى ئه‌وه‌ش دێنێته‌وه‌، “دوای هەوڵەکانی سه‌رۆك كۆمار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم هاتە سلێمانی‌و لەگەڵ لایەنەکان کۆبووەوە، ئومێدیش هەیە کۆبوونەوەکان بەردەوامبن تا بگەنە ڕێککەوتن، بەتایبەت پەیوەندی نێوان یەکێتی‌و پارتی ئاسایی بێت باشترە، وەک لەوەی ئێستا.”
 
ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، سەرۆک کۆمار بەرپرسانی هەرێمی لەهەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئه‌وه‌ى باسنه‌كردوه‌و وتویه‌تى:”پێشهات‌و ڕووداوەکانی ناوچەکە وادەخوازێت کورد یەکهەڵوێست بێت، بەتایبەت د.بەرهەم نمونەی دوای ساڵی 2003ی هێناوه‌ته‌وه‌، کاتێک کورد لەبەغدا یەکدەنگبوو، خواستەکانی جێگیربوو، دوای هەڵبژاردن گەر شتی تر بێتە پێشەوە، پێویست بەوەدەکات یەکڕیزبین.”
 
ده‌نگى ئه‌مریكا پاڵپشت به‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌تى خۆى ئاشكرایكردوه‌، “پەیوەندی نێوان سەرۆک کۆمارو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەرچەندە ئاساییە، بەڵام گەرم‌و گوڕیەکەی جارانی نەماوە، هۆکاری ئەمەش بۆ بادانەوەی کازمی بەلای هەندێک لایەنی شیعە دەگێڕدرێتەوە”.
 
بۆ ئه‌وه‌ش حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ڕەتیکردەوە گرفت لەنێوان سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیراندا دروستبووبێت، ئه‌و وتویه‌تى:”پەیوەندی نێوانیان باشە، بەردەوام یەکدەبینن.”