موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە)، ئاشكرایكرد، لە 23ی مانگی رابردو تا 13ی ئەم مانگە لەمیانی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی توركیا لە ناوچەكانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ لەلایەن گەریلاوە، 187 سەربازی توركیا كوژراون و 18 گەریلاش شەهید بون.
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تایبەتی “ستێرک تی ڤی” ئاماری شەڕی نێوان گەریلاو سوپای توركیای لە ماوەی 20 رۆژدا لە ناوچەكانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین ئاشكراكرد.
قهرهیلان ئاماژهی بهوهكرد” هەڤاڵانمان ئامارەکان بڵاودەکەنەوە، لە شەڕدا شتێک ناشارینەوە، لە پێش چاوی هەموو جیهانەوە لە بەرامبەر سوپایەکی دڕندە کە تەکنیکی سەردەم بەکاردێنێت، شەڕ دەکەین، چەندە قوربانی دەدەین پێویستە جیهان و گەل بزانێت، با کەس نەڵێت کە هەڤاڵ شەهید دەبن و بڵاوی ناکەنەوە، ئەو ژمارەیەی دەیدەین مسۆگەرە، پێویستە گەلەکەمان ئەمە بزانێت، لەوانەیە دوژمن ژمارەی کوژراوەکانی کەم و زیاد بکات، بەڵام ئێمە وا نین.”
هەورەها ئاشكرایكرد “لە هەر سێ بەرەی شەڕدا، تا ئێستا 18 شەهیدمان هەیە، پەیوەندیمان لەگەڵ گروپێکی شەش کەسی هەڤاڵانماندا نەماوە، لەوانەیە شەهید بوبن یان نا، ئێمە نازانین، هێشتا دیار نییە.”
قەرەیلان سەبارەت بە ئاماری كوژراوان و بریندارانی سوپای توركیا ئاشكرایكرد”تا ئێستا دوژمن 187 کوژراوی هەیە و نزیکەی 20 سەربازیشی بریندار بوون.”