پارێزگای هەولێر رونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشکردنە سەر خێزانێک لە تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوا دەکەن لەزوترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌ و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەیەنن.
 
پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ هەینی لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “دوای بڵاوبونەوەی گرتە فیدیۆییەک کە تێیدا خێزانێکی شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکەوە لەوڵاتی تورکیا و لەنێوان هەردو شاری (مێرسین و ئەدەنا) بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هێرشیان دەکرێتەسەر و لێیان دەدرێت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پەیوەندی بەو خێزانە و کەس و کاریانکرد و دڵنیایکردنەوە کە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵدەبێت بۆ دەستگیرکردنی تاونباران و بەسزاگەیاندنیان”.
 
 
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئومێد خۆشناو بە ئەندامانی خێزانەکەی راگەیاندوە، “ئێوە کەس و کاری ئێمەن و له‌هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین”، پاشان لەبارەی ئەو کەیسەوە پارێزگاری هه‌ولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسڵی گشتیی وڵاتی تورکیا لەهەولێر کرد و چەند داواکاریەکی ئاڕاستە کردون.
 
 
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، پارێزگاری هەولێر داوای کردوە، “لەزوترین کاتدا په‌ڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێته‌وه‌ و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن”.
 
 
هاوکات داوای لەکونسڵخانەی گشتیی وڵاتی تورکیا لە هەولێر کراوە، بەفەرمی بۆ ڕایی گشتی ڕونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕونبکاتەوە.
 
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاندوە، “بەهەموشێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و بڕوبیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە و کارێکی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت”.
 
لە پارێزگای مێرسینی تورکیا ژمارەیەک هاوڵاتی تورک هێرشیان کردە سەر خێزانێکی کوردی خەڵکی هەولێر و دوای سوکایەتیپێکردن بەردبارانیان کرد و یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بە سەختی برینداربو و رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
 
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەن هاوڵاتییەکەوە لە شارۆچکەی ئاناموری پارێزگای مێرسینی تورکیا تۆمارکراوە، ئەندامانی خێزانێکی کورد لەسەر شەقامێک دەردەکەوێت کە پیاوێک لەهۆش خۆی چوە و هاوسەرەکەی بەدەم گریانەوە داوای هاوکاری فریاگوزاری دەکات، چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەش دەگرین.