ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بە خۆڕایی ھاتوە و بەرۆکی کوردستانیانی گرتوە و لە رابردو “فەڵەستینییەکان زۆر پشتگیریی ئەنفال و سەدامیان کردوە و ئیسرائیلییەکانیش جگە لە گەمەکردن بە کێشەکەمان و دروشمی بێ ناوەڕۆک بەکارهێنانی کێشەمە ئێمە و گوشار لەسەر وڵاتانی دەوروبەر شتێکیان بۆ ئێمە نەکردوە”.
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نوسینێکدا لەبارەی شەڕو پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان رایگەیاند، “کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بە خۆڕایی ھاتوە و بەرۆکی کوردستانیانی گرتوە، وەک ھەمیشە شەقامی کوردستانی پارچە کردوە، کێشەیەک کە ئەگەر ھەر لایەنێک تێیدا سەربکەوێت بۆ کوردستانیان ھیچ جیاوازییەکی نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، فەڵەستینییەکان زۆر پشتگیریی ئەنفال و سەدامیان کردوە و پەیکەریان بۆ سەدامی دڕندە دروست کردوە، یەکەم باڵیۆزی وڵاتان کە دژی رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ھەڵوێستی نواند ئەحمەد (بلا) عەقلی فەڵەستین بو، “ئیسرائیلییەکانیش جگە لە گەمەکردن بە کێشەکەمان و دروشمی بێ ناوەڕۆک و بەکاهێنانی کێشەی ئێمە وەک کارتی ھەڕەشە و گوشار لەسەر وڵاتانی دەوروبەر شتێکیان بۆ ئێمە نەکردوە، تەنیا ناوبانگی دۆزی رەوای ئێمەیان شێواندوە”.
عەلی عەونی باسی لەوەشکردوە، “ئێستا وا دیارە کە ئەم شەڕە درێژ ببێت و لەوانەیە ئیسرائیل ناچار ببێت چەکی پێشکەوتو و نوێ بەکاربێنێت، بەم شێوەیەگۆڕەپانی شەڕ فراوانتر دەبێت، رۆژ بە رۆژ قوربانیانی شەڕ زیاتر دەبن، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئاڵۆزیی ناو ولاتانی عەرەب و لەوانەیە ھەندێک سەرۆکی عەرەب بشکوژرێن یا تیرۆر بکرێن، ئەو وڵاتانەی زیاترین پێشکەوتنیان بە خۆوە دیتوە لەوانەیە زۆرترین زیانیان پێبگات”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت، “ھەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ژیانی کوردستانیان ھەیە، ئەگەر بێت و عێراق بەڕاستی خۆی بکاتە لایەن لە شەڕەکەدا (بە گوێرەی پەیامی مستەفا کازمی دیارە عێراق خۆی کردوە بە تەرەفی شەڕ)، راستترین ھەڵوێست ئەوەیە کە کوردستانیان خۆیان نەکەنە لایەن لەم شەڕەدا کە ھی ئەوان نییە و لە ئێمە زۆر گەورەترە، ئەگەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێت خۆی بپارێزێت و سەر بەسەر لەم ئاڵۆزییە بێتە دەر سود و سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی تۆمارکردوە.
ماوەی چەند رۆژێکە گرژییەكان لەنێوان گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین و سوپای ئیسرائیل لەسەر چەند خانویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودس- ئورشەلیم گەیشتونەتە لوتكە، حەماس نزیکەی دو هەزار موشەکی لە غەززەوە ئاڕاستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل کردوە و ئیسرائیلیش بە توندی بەرپەرچی داونەتەوە، سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و برینداربون ئەوە جگە لە وێرانکردنی چەندین باڵەخانە لە غەززە.