کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لەبارەی دۆسیێی حوکمدراوانی بادینان رایدەگەیێنێت، ئەوان بڕیاری دادگەی پێداچوونەوەیان بینیوە و “نیگەرانن” لەو دەنگۆیانەی کە باسی کەموکوڕییەکان لە دۆخی دەستگیرکردن و پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو پێنج چالاکڤان و رۆژنامەڤانە دەکەن.
لە تویتێکدا، کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، “سەرمان سوڕماوە بەوەی ناوی کۆنسوڵخانە بیانییەکان لە بەڵگەکانی دادگەدا هاتووە.. کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتە بیانییەکان نابێت وەکو تاوان دابنرێت.”
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە تویتەکەیدا داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو شوێنێکی دیکەی جیهانیش “پابەندبوونی تەواو و بە ویژدانانە”یان بە یاسا و رێکارە یاساییەکان هەبێت.
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، پێنج رۆژنامەوان و چالاکوان دەستگیرکران. رۆژی 04-03-2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ‘دانپێدانانی’ حوکمدراوانی بادینانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کرد “لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا بەپێی بەڵگە و دانپێدانانیان ئەوە سەلمێندرا کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە پەکەکە و چەندین لایەنی دیکە هەبووە”. بەڵام سێ ئەندامی ئەنجوومەنەکە رایانگەیاند: “به هیچ جۆرێك ئاگاداری ئهو راپۆرت و دانپێدانانه نین”.
هەروەها رۆژی دووشەممە 10-05-2021 رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی -ئەمنستی- رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوە لەبارەی پێنج حوکمدراوەکەی بادینان “نادادپەروەرانە”یە، لە بەرامبەردا دیندار زێباری، رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی رۆژنامەگەری و چالاکڤانییەوە نەبووە”.