ژێوار مارف
لەساڵی ٢٠٠٤ بەبڕیاری ژمارە (٤٦)ی پەرلەمانی کوردستان، ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دامەزرا و دووبارە بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان و ھەڕەشەکان بۆ سەر ھەرێم، ئەودەزگایانە ڕێك خرانەوە بەیاسای ژمارە (٤)ی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (٢٠١١)، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم دامەزرا. ئەم ئەنجومەنە وەك چەترێکە بۆ سەرپەرشتی کردنی کاری ھەواڵگری لە کوردستان کە لە سێ دەزگای سەرەکی پێك دێت “دەزگای ئاسایش، ھەواڵگری سەربازی، ئاژانسی پاراستن و زانیاری” کەئەو دەزگایانە ئەرکی تایبەت و ئەرکی ھاوبەشیان ھەیە و بەپێی یاسا ڕێکخراون.
ھەردوو بەڕێوەبەرایەتی “پاراستن و زانیاری” ئەرکیان کاری ھەواڵگرییە لە ژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم و ئەرکی سەرەکیان کۆکردنەوەی زانیاری، دژە سیخوڕی، دژە تیرۆر و نەھێشتنی تاوانی ڕێکخراو.
ھەموو کاروبارێکی ئیداری و مالی و جموجوڵێکیان بەئاگاداری و فەرمانی ڕاستەو خۆی سەرۆکی ھەرێمی پێشوتر و ئێستاشە.
لەدوای لەدەستدانی شاری کەرکوك و دەورو بەری کەھەموکەس دەزانێت ئەو پڕۆسەیە بەدەر لە توانا و دەسەڵاتی حیزبەکانەوە بوو، پڕۆسەیەك بوو چەندین وڵاتی زلھێز دەستی تیایدا ھەبوو، بەڵام بە دیاری کراوی لەدوای ئەو پرۆسەیەوە پارتی دیموکرات زنجیرە ھێرشێکی قێزەونی لە ڕاگەیاندنە ڕەسمی و ناڕەسمێکانیەوە دەست پێکردووە بۆسەر (لاهور شێخ جهنگی) کەمن بەشبەحاڵی خۆم تا ئێستا لە نزیکەوە ئەم بەڕێزەم نەدیوە(شێخ لاھور).
سەرەڕای ئەوەی کە شێخ لاھور، لەدوای کۆنگرەی یەکێتییەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە دەزگای زانیارییەوە نەماوە و لەئێستادا ھاوسەرۆکی یەکێتی یەو کەسێکی تر بەرپرسیارێتی دەزگای لە ئەستۆدایە، بەڵام پارتی بودجەیەکی زەبەلاحی لەم قەیران و بێ مووچەییەدا تەرخان کردووە بۆ لێدان و ناشرینکردنی شێخ لاھور، لەکاتێکدا بە دامەزراوەکردنی ئەنجومەنی ئاسایش بەیاسا ڕێکخراوە لە پەڕلەمانەکەی پایتەختی خۆیانەوە، دەزگای دژەتیرۆر لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمدایه، کەچی لە دوانوسینی قێزەوونی بندیوارەکانی پارتی ئەو دەزگایە بە تاقم و میلیشیای شێخ لاھور ناو دەبەن، لەکاتێکدا ھەموو کوردستان و دونیاش دەزانێت کە دژەتیرۆر ھەولێری پایتەخت و پەرلەمانەکەیان و پاراستنەکەیانی لە چنگی داعش پاراست، بەڵام بۆ داپۆشینی کەیسی ڕۆژنامە نوسەکانی بادینان و سەدان کەیسی خراپتر وەک سەگی برسی پەلەماری پێڵاوەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی دەدەن، بێخەبەر لەوەی کە ھاوسەرۆکی یەکێتی بەو ھەوڵانەی ئەوان گەورە و گەورەتر دەبێت و وەچاویان بەسەرکەوتنە گەورەکانی دژەتیرۆر ھەڵنایەت.