شاندی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق نیگەرانی خۆی لەبارەی سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ حوکمدراوانی بادینان دەربڕی و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، “ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی رۆژنامەڤانی و مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە بنچینە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسین.”
لە پەیامەکەیدا یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانیی خۆیشی دەربڕیوە لە ناوهێنانی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوی دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر کە گوایە حوکمدراوانی بادینان هاوکاریی داراییان لێیان وەرگرتبێت.
یەکێتیی ئەوروپا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەتەواوی پابەندی مافەکانی مرۆڤ بێت، لەنێویاندا “دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە” بۆ حکومدراوانی بادینان و دابینکردنی ئازادیی رادەربڕینی تەواوەتی و ئازادیی رۆژنامەڤانی بۆ هاونیشتمانیانی.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 10-5-2021، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای ئازادکردنی بەپەلە و بێ مەرجی حوکمدراوانی بادینان دەکات و دەڵێت بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کە لە 28ـی نیسان دەرچووە، “نادادپەروەرانە” بووە و پێویستە ئەو پێنج کەسە بە زووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێک ئازادبکرێن.
ئەو رۆژنامەوان و چالاکوانانە بریتین لە: شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعید.