لە شاری سلێمانی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ لەلایەن شەش کەسەوە لێیدەدرێت و بریندار دەکرێت. گەنجەکە دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، پۆلیسیش هەر شەش کەسەکەی دەستگیر کردووە.
 
 
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: “رۆژی پێنجشەمە 6-5-2021 لەگەڕەکی ئازادیی شاری سلێمانی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بە ناوی (م.م) بە بۆکس خەنجەر و چەقۆ بریندار کراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە. تیمەکانی پۆلیس 6 کەسیان بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزاکانی عێراق دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکات”.
 
 
دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گەنجەکە سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 9-5-2021 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
 
 
بەرزان محەممەد، بەڕێوبەری دادپزیشکی سلێمانی ڕایگه‌یاند”تەرمێکیان ‌هێنایە پەیمانگای دادپزیشکی کە سێ رۆژ بوو لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لە ژێر چاودێریدا بوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە”. وتیشی: “شوێنەواری فیشەک بەسەری گەنجەکەوە بووە”.

گەنجەکە بۆچی کوژراوە؟

بەپێی زانیاریی کەسوکارەکەی، ئەو گەنجە مامەڵەیەکی لەگەڵ تۆمەتبارەکان کردووە، دواتر لە مامەڵەکە پەشیمان بوونەتەوە و کوشتوویانە.
 
 
بیلال کەریم، ئامۆزای کوژراوەکە وتی “رووداوەکە کاژێر 1:30ی خولەکی شەوی پێنجشەمە لە گەڕەکی ئازادی روویداوە. ئامۆزاکەم ماتۆڕسکیلێکی لەو کوڕانە کڕیوە بە 150 هەزار دینار، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەتەوە و پارەکەیان بۆ گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئامۆزاکەم پێیگوتن پارەکە و ماتۆرسکیلەکەتان بۆ ناگەڕێنمەوە، ئەوانیش بە چەقۆ و خەنجەر بۆکس و فیشەک لێیانداوە و برینداریان کردووە”.
 
 
دوای رووداوەکە کەسوکاری گەنجەکە لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان لەسەر تۆمەتبارەکان تۆمارکردووە.