شەوی قەدر، یەكێكە لە شەوەكانی مانگی ڕەمەزان و بەرزترینیانە، كە موسڵمانان لەو باوەڕەدان چاكترە لە ھەزار مانگ و لەو شەوەدا قورئان دابەزیوە بۆ پێغەمبەر محەمەد (د.خ).
لە هەریەكە لە سورەتەكانی (قەدر) و (دوخان)دا ئاماژە بە شەوی قەدر كراوە و پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەربارەی ئەم شەوە فەرموویەتی: “مَنْ قَامَ لَيْلَةَ القَدْرِ إيمَانَاً ؤاحْتِسَابَاً غُفِرَ لَه مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنبِه”.
هەڵبەت مسوڵمانان 10 شەوەكانی كۆتایی ڕەمەزان واتە لە شەوەی 20ی ڕەمەزانەوە بە خواناسی و زیكركردن زیندوودەكەنەوە بە ئامانجی بەدەستهێنانی پاداشتی شەوی قەدر، كە خوای گەورە لە سورەتی (القدر)دا فەموویەتی “خێری هەزار مانگ”ی هەیە، كە دەكاتە زیاتر لە 80 ساڵ، بەڵام زۆربەی كات مزگەوتەكان و ماڵەكان لە شەوی 27ی ڕەمەزاندا زیاتر قەرەباڵغن و موسڵمانان زیاتر پێیان وایە ئەو شەوە، شەوی “قەدر”ە.
بەڵگەی زانستی بیركاری بۆ شەوی قەدر
یەكێك لە موعجیزەكانی سورەتی “القدر” ئەوەیە، كە سورەتی قەدر لە 30 وشە پێكهاتووە وەك ئاماژەیەك بۆ ژمارەی جوزئەكانی قورئانی پیرۆز، كە 30 جوزئە و لە 114 پیت پێكهاتووە، كە ئاماژەیە بۆ ژمارەی سورەتەكانی قورئانی پیرۆز.
زانایان و شارەزایان بە ڕاڤەكردنی ئایەتەكانی سورەتی “القدر” دوو موعجیەی دیكەی شەوی قەدر ئاشكرا دەكەن و زیاتر بۆ ئەوە دەچن، كە شەوی 27ی ڕەمەزان شەوی “قەدر” بێت، چونكە دەڵێن، وشەی (هی) كە مەبەستی لە (لیلە القدر)ە دەكەوێتە (27)ەمین پیتی سورەتەكە و هەروەها سورەتی “قەدر” لە (30) وشە پێكهاتووە و لە وشەی (5 و 10 و 12)دا وشەی (قەدر) هاتووە، كە ئەگەر (5+10+12 كۆبكەینەوە دەكاتە 27)، بۆیە ئەم دوو بەڵگەیە دەری دەخات، كە شەوی (27)ی ڕەمەزان “شەوی قەدر”ە.
“قەدر خێری لە 83 ساڵ عیبادەت زیاترە”
مامۆستا محەمەد كەڵكەسماقی، وتاربێژی مزگەوتی هەواری زانكۆ لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە ڕۆژووەوانان خۆیان بۆ ئەم 10 ڕۆژ و شەوەی كۆتایی مانگی ڕەمەزان ئامادە بكەن و شەوەكانی زیندوو بكەنەوە، كە 10 شەوی كۆتایی ڕەمەزان بە ڕزگار بوون لە ئاگر ناوبراوە.
ئاشكراشی كرد، كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز باسی گەورەیی و پڕ بەرەكەتی ئەم شەوەی كردووە، كە ئەگەر یەكێك لەم 10 شەوە خوای گەورە بیكاتە نسیبمان خێری هەزار مانگ (زیاترە لە 83 ساڵ)ی هەیە.
كاتی شەوی قەدر
ئامۆژگاری موسڵمانان كراوە بەوەی ئەم شەوە ڕابگرن بە یاد و پەرستنی خوا و نەخەون تا بەیانی لەبەر ئەو چاكە و گەورەیەی لەم شەوەدا ھەیە زیاترە لە ھەزار مانگ، بۆ زانینی ئەم شەوە لە فەرموودەی پێغەمبەر ئیسلامدا ھاتووە كەوا فەرموویەتی بۆ شەوی قەدر بگەڕێن لە 10 شەوی كۆتایی ڕەمەزاندا.
نیشانەكانی شەوی قەدر
ئەم شەوە چەند نیشانەیەكی ھەیە كە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئاماژەی پێداون، لەوانە “بەرەبەیانی شەوی قەدر خۆر ھەڵدێت و تیشكی نییە” و كەشوهەوا فێنك و ئارامە، ھەروەكو تەشتێك تا ئەو كاتەی بەرز دەبێتەوە، ھەروەھا “شەوی قەدر شەوێكی بێ دەنگ و ڕوونە، نە گەرمە و نەسارد، خۆری بەیانیەكەی لاواز و سوور دەبێ”.