ڕێكخراوى CPT لهسهر بڕیارهكهى دادگاى پێداچونهوهى ههولێر لهبارهى زیندانیكردنى شهش ساڵى ڕۆژنامەنوسانو چالاکانی بادینان هاتهدهنگو پهنجهى تۆمهت ئاراستهى پارتى دیموكراتى كوردستان دهكاتو ڕایدهگهیهنێت، دادگا بڕیارى پێشوهختهى مهسرور بارزانى پهسهندكردوه، “بهوپێیهى سێ لەدادوەرانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر لەسەر پارتی ھەژماردەکرێن”، دهشڵێت:”حکومەتی ھەرێم دادگاکان بەکاردەھێنێت بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین”.
لهڕاگهیهنراوێكدا ڕێكخراوهكه پارتى تۆمهتباركردوهو ئاشكرایكردوه، “سێ لەدادوەرانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان ھەژماردەکرێن، کە حزبی حکومڕانە لەناوچەی بادینانی ھەرێمی کوردستانی عێراق. پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگا لەلایەن ئەوانەوە، سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسانو چالاکانی بادینان بەگوێرەی یاساو چەسپاندنی دادگەری سزانەدراون، بەڵکو بەپێی بڕیاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سزادراون، ئەمەش لەپێناو سزادانی ڕەخنەگرانی گەندەڵیو سەرکوتکردنی ڕۆژنامەوانانو کاری کۆمەڵگەی مەدەنیە”.
ڕێكخراوهكه ئهوهشى بهبیرهێناوهتهوه، “دادگای باڵای تاوانەکانو دادگای تێھەڵچوونەوە تەنها ئەو بڕیارەیان پەسەندکرد کە مهسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتی ھەرێمو هاوكات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەبارەی زیندانیکراوانی بادینانەوە، بەر لەپڕۆسەی داگاییکردنەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرایکردو وتی:”ئەوان نە ڕۆژنامەواننو نە چالاکوانن، بهڵكو ئەوان سیخوڕی وڵاتاننو تێکدەرن”.
“سی پی تی”، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤەو لەساڵی 2007وه کاردەکات بۆ بەبەڵگەکردنی کاریگەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆسەر گیانو بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لەههرێمى كوردستان.
دهقى ڕاگهیهنراوهكه:
حکومەتی ھەرێمی کوردستان دادگاکان بەکاردەھێنێت بۆ سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەرکۆنەی بڕیاری پەسەندکردنی شەش ساڵ زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان دەکات لەلایەن دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر.
لەڕۆژی ٦ی ئایاردا، دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر بڕیاریدا بەپەسەندکردنی سزادانی نادادپەروارانەی سێ ڕۆژنامەوانی سەربەخۆو دوو چالاکوانی مەدەنی دەڤەری بادینان لەھەرێمی کوردستانی عێراق.
ئەو ڕۆژنامەوانو چالاکوانانە بەتۆمەتی سیخوڕیکردنو خستنە مەترسی ئاسایشی نیشتیمانی تاوانبارکراون. ھەریەک لەشێروان شێروانی، گوھدار زێباری، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعیدو ھاریوان عیسا، بەھۆی قسەکردنیان لەگەڵ کۆنسوڵخانەکان دەربارەی بارودۆخی مافەکانی مرۆڤو ئاشکراکردنی گەندەڵی حزبە سیاسییەکانو بەشداریکردنیان لەخۆپێشاندانی ئاشتیانەدا بەشەش ساڵ زیندانیکردن سزادران.
بەشدار حەسەن، پارێزەری ڕۆژنامەنوسانو چالاکانی بادینان دەڵێت، “ئەمڕۆ ڕۆژێکی ڕەشە لەمێژووی سیستەمی دادوەری ھەرێمی کوردستاندا. ئەم بڕیارە، بڕیارێکی سیاسییە. لەمەودوا ھاوڵاتیان ناتوانن چیتر متمانە بە دادگاکان بکەن.”
سێ لەدادوەرانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان ھەژماردەکرێن، کە حزبی حکومڕانە لەناوچەی بادینانی ھەرێمی کوردستانی عێراق. پەسەندکردنی بڕیارەکەی دادگا لەلایەن ئەوانەوە، سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕۆژنامەنوسانو چالاکانی بادینان بەگوێرەی یاساو چەسپاندنی دادگەری سزانەدراون، بەڵکو بەپێی بڕیاری سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سزادراون، ئەمەش لەپێناو سزادانی ڕەخنەگرانی گەندەڵیو سەرکوتکردنی ڕۆژنامەوانانو کاری کۆمەڵگەی مەدەنیە.
دادگای باڵای تاوانەکانو دادگای تێھەڵچوونەوە تەنیا ئەو بڕیارەیان پەسەندکرد کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی زیندانیکراوانی بادینانەوە، بەر لەپڕۆسەی داگاییکردنەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرایکردو وتی:”ئەوان نە ڕۆژنامەواننو نە چالاکوانن، بهڵكو ئەوان سیخوڕی وڵاتاننو تێکدەرن”.
بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچوونەوە شۆکێک بوو بۆ خانەوادەی زیندانیانی بادینان و کۆمەڵگەی مەدەنی و تەواوی ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا. ئەگەر دادگاکان نەتوانن لەبەرامبەر دەسەڵات و تۆڵەی سیاسی حزبە سیاسییەکان، پارێزگاری لە مافەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن ئەی کێ دەتوانیت ئەوە بکات؟.
بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچوونەوە بڕیاری کۆتاییە. تەنیا ئەگەرێک مابێت بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکە، جارێکی تر تێھەڵچوونەوەی دۆسیەکەیە لەلایەن دەستەی ڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگای تێھەڵچوونەوە، کە پارێزەرانی خۆبەخشی دۆسیەکە ھەوڵدەدەن بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێکارە. بەڵام بە پشتبەستن بەوەی کە لە ماوەی ڕابردوودا و لە پڕۆسەی دادگاییکردن و تێھەڵچوونەوەی ئەم کەیسەدا ڕوویدا چانسی گۆڕینی بڕیارەکە زۆر کەمە.
دادگا لەجێبەجێکردنی یاسا لە کەیسی چالاکان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان شکستی ھێنا. بۆیە ئێمە وەک تیمی کوردستانی عێراقی CPT ھاودەنگ لەگەڵ خانەوادەی زیندانیانی بادینان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا بانگەواز لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی دەکەین کە ڕێز لە بەڵێنەکەی خۆی بگرێت بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین و دەسەڵاتی خۆی بەکاربھێنێت بۆ دەرکردنی بڕیاری لێبووردن و ئازادکردنی شێروان شێروانی، گوھدار زێباری، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و ھاریوان عیسا.