سنور ميديا

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان رایگەیاند “بۆ كەركوك پێمان باش بوو هەموو لایەنەكان بەیەكەوە بەشداری بكەن “.

 

ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری دەربارەی بەشداری كردنی كورد لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگی ئەمریكا وتی “ئێمە بۆ كەركوك پێمان باش بوو هەموو لایەنەكان بەیەكەوە بەشداری بكەن كاتی خۆی ئەم پێشنیارەمان چاكبوو ئەوە ڕاوبۆچوونی ئێمە بوو سەبارەت بەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.”

 

ڕۆژی چوارشەممە ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند” هەریەكە لە كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پشتیوانی هاوپەیمانی كوردستانی دەكەن لە كەركوك.”

 

لای خۆیەوە عەبدولستار مەجید دەڵێت”ئێمە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان مەبدەئی خۆمانمان پێ وتن كە ئێمە پێمانوابووە لەوێ هەموومان بەیەكەوە بین ئەوە نەكرا بەڵام دێتەوە سەرئەوەی ئایا ئێمە دەنگ بەكێ بدەین؟ بۆ ئەوە ئێمە ئەندامان و كادێرانی خۆمان دەتوانن یڕیار بدەن دەنگ بەكێ دەدەن.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەكرد تا ئێستا بڕیارییان نەداوە پشتیوانی كام لە دوو لیستە كوردییەكەی كورد (لیستی هاوپەیمانی كوردستانی و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان) لەكەركوك دەكەن.

 

عەبدولستار مەجید دەڵێت” ئێمە بێگومان پشتیوانی كورد دەكەین، بەدڵنیاییەوە كاندیدمان نییە بەڵام بەدیاریكراویی بۆ لیستێك و بۆ قەوارەیەك و بۆ كاندیدێك تائێستا ئەو بڕیارەمان نەداوە ئێمە لایەنێكی سەربەخۆین و خەڵك و جەماوەرێكمان هەیە، ئەوان خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن.

 

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەكرد بەشداری نەكردنی كورد بەیەك لیستی هاوبەش لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان زیان لە دەنگ و پێگەی كورد دەدات ” بێگومان زیان لەپێگەی كورد دەدات، پێموایە ئەمجارە ژمارەی كورسیەكانی كورد لەناوچە جێ ناكۆكەكان كەمدەبێتەوە ئەمەش بەشێكی هۆكارەكەی بۆ ئەو پەرتەوازەیەی كورد دەگەڕێتەوە كە بەڕاستی بەرپرسیاری یەكەمیش پارتی و یەكێتین”.