سنور ميديا
لیژنەی هەرێمەکان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق رایدەگەیەنێت کە لەپێناو کۆتاییهێنان بە دەستتێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا بۆناو خاکی عێراق، داوایان کردووە دۆسیەی پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا رادەستی حکوومەتی ناوەندی بکرێت.
مەحموود کەعبی سەرۆکی لیژنەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: تورکیا چەندین ساڵە دەستتێوەردانی سەربازیی لەناو خاکی عێراقدا دەکات، بۆیە دەبێت چارەسەرێکی ریشەیی بۆ ئەو گرفتە بدزرێتەوە، ئاماژەی بۆئەوەشکردووە کە داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ئەگەر خۆیان ناتوانن سنوورەکان لە دەستتێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا بپارێزن، ئەوە با دۆسیەی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان رادەستی بەغدا بکەن.
کەعبی ڕوونیکردۆتەوە کە یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی تورکیا رایگەیاندووە کە هێزە سەربازییەکانیان لەخاکی عێراق ناکێشنەوە، تەنیا کاتێک نەبێت کە لەناوچەکەدا هێزە فیدراڵییەکان بوونیان هەبێت، جەختیشی کردۆتەوە کە چارەسەرکردنی دۆسیەی دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا پێویستی بە هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغدایە، بەڵام هێشتا ئەوە رووینەداوە.
ماوەی چەند رۆژێکە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی لەناو خاکی هەرێم بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکاران کوردستان (پەکەکە) دەستپێکردووە کە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینای گرتۆتەوە و هێشتاش پرۆسە سەربازییەکە بەردەوامە، هەروەک خەلووسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا بێ وەرگرتنی رەزامەندی هەرێم و بەغدا سەردانی هێزە سەربازییەکانی تورکیای لەناو خاکی هەرێم کرد، پێشتریش سلێمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند کە لەناوچەی مەتینا بنکەیەکی نوێی سەربازیی دەکەنەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەو ناوچەیە بەلای تورکیاوە پێگەیەکی ستراتیژی هەیە.