ئاسۆس هەردی
من بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان دانیشتووم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە .
بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی کۆمەڵەو دیموکرات و حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا دانیشتووم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە .
بە شانازییەوە دانی پێدادەنێم لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدەو حیزبەکانی تری رۆژاوادا دانیشتووم و لەسەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە، بیروڕامان گۆڕیوەتەوە .
دانی پێدا دەنێم لەگەڵ کۆنسوڵی ئەمەریکی و ئەڵمانی، لەگەڵ سەفیری ئەڵمانی و سەفیری سویدی و سەفیری نەرویجی و دیپلۆماتە ئیتالی و کەنەدەییەکاندا دانیشتووم و راشکاوانە باسی بارودۆخی کوردستان و عێراق و رەخنەو گلەییەکانی خەڵکی کوردستانم بۆ کردوون، نەک هەر لەسەر شێوازی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراق، بەڵکو لەسەر سیاسەتی خودی خۆیان و دەوڵەتەکانیشیان .
دانی پێدادەنێم هاوڵاتی و ئاوێنە لە چوارچیوەی چەندین پرۆژەی هاوبەشدا هاوکاریی ماددییان لە رێکخراوە ناحکومییەکانی هۆڵەندا، ئەڵمانیا، نەرویج، دانمارک، ئەمەریکاو.. هتد وەرگرتووە کە زۆربەی ئەو رێکخراوانەش وەکو ئاشکرایە سەرچاوەی داهاتیان وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیانە .
دانی پێدادەنێم زۆرێک لەو رێکخراو یان دەزگا دیپلۆماسییانە بە فەرمی بانگهێشتی وڵاتی خۆیانیان کردووم و لە زۆر کۆنفرانس و کۆبوونەوەی تایبەت بە عێراق و کوردستاندا بەشداربووم، کە ئەوان رێکیان خستووەو میوانداریی بەشداربووانیان کردووە .
ئەگەر دانیشتن لەگەڵ حیزب وتێکۆشەرانی پارچەکانی تری کوردستان و نوێنەری وڵاتانی خۆرئاوادا تاوانە، ئەوا من لێرەوە راشکاوانە دانی پێدادەنێم.
بە شانازییەوە تاوانبارم و ئامادەم بەرپرسیارێتی ئەو تاوانە گەورانە لە ئەستۆ بگرم و لەپاڵ هاوڕێ و هاوپیشەکانمدا لە بادینان لە کونجی زیندان توندکرێم!