ڕێنوار نه‌جم
 
 
دۆسیەی زیندانیان بادینان تەنها ڕقلێهەڵگرتنێکی هەرزەکارانەی مەسرور بارزانی نییە لە چەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک، کە لەناو جەرگەی هەژموونی پارتییەوە تەحەدای دەسەڵاتەکانی برا گەورە دەکەن و خەریکن دەزووەکانی ئەو تەونە تێک دەدەن کە بارزانی بۆ ماوەی ٢٣ ساڵە وەک خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای بواری ئەمنی ئەو ناوچەیە دەیهۆنێتەوە. بەڵکو زیندانیانی بادینان ئاماژەکانی سەرەتای دانانی بناغەی ئەو شانشینەن کە هێڵە گشتییەکانی بۆ دەیان ساڵی دیکەش ڕەنگڕێژ کراوە.
 
 
مەسرور بارزانی بۆ بونیادنانی ئەو شانشینە لە-کۆریای-باکوور-چووەی کە تێیدا خۆی خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها بێ و دوای خۆشی ئارینی کوڕی بێ دەردەسەری جێی بگرێتەوە، بەر لە هەرشتێک پێویستی بە بڵاوکردنەوەی ترس هەیە. ترسێک کە هەرگیز باوکی سەرکەوتوونەبوو لە بڵاوکردنەوەیدا لەکاتی حوکمە لەرزۆکەکەیدا، چونکە تا زیاتر دەیویست ترس بڵاوبکاتەوە، زیاتر مایەی پێکەنین بوو.
 
 
مەسرور بارزانی چیتر باکی بەوە نییە بە جەللادی رۆژنامەنووسان بناسرێ، هەموو هەفتەیەک رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر بڵاوبکەنەوە و ببێت بە فۆتۆکۆپییەکی نەشازی شازادە بن سەلمانی بکوژی خاشقچی، چونکە ئەو باش دەزانێ ئەو شانشینەی لە خەیاڵدانی ئەودا هەیە جێی هیچ دەنگێکی ئازادی تێدا نابێتەوە. دواجار هەر دەنگێکی ئازاد درزێک دەکەنە ئەو شانشینەی کە تازەبەتازە لە بناغەکەیدایە.
 
 
هەر بۆیە بارزانی جارێ تا ئەو سەری ئەم دۆسییەیە دەڕوا و ئاسان خۆی ڕادەست ناکات و گوێ بە فشارە لاوازە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نادات، چونکە چاک دەزانێ کە فشارە ناوخۆییەکان هێندەی ئەوە نین مەترسیی بۆ سەر دەسەڵاتەکانی دروست بکەن و هیچ دەنگێکی جددی لەگۆڕێ نییە. دەشزانێ، لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەم دۆخەی دەڵەمەییەی ئێستای ناوچەکەدا، پێناچێت بیر لە فشارێکی ئەوتۆ بۆ سەر خۆی و حکومەتەکەی بکەنەوە، جگە لەو بەیاننامانەی بەزمانێکی نەرم و دیبلۆماسی دەنووسرێن.
 
 
بەڵام گەر هەر کاتێک فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان شانبەشانی یەکتر تۆنێکی جددیان وەرگرت [وەک ڕاگەیەندراوەکەی ئەمشەوی کونسوڵخانە و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا]، بەجۆرێک مەسرور بارزانی درک بەوە بکات کە چیتر پارەی نەوت فریای ناکەوێت و دەسەڵاتەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا بە سەرکزییەوە ناچار دەبێ تەلەفۆنێک بۆ دادوەرەکان بکا و خۆشی بچێتەوە ژوورەکەی پشتەوە بۆ دانانی بناغەیەکی دیکە بۆ شانشینە خەیاڵییەکەی.