د.ڕێبوار كه‌ریم، غالب محه‌مه‌د و سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی بڕیاری سزادانی چالاكوانانی بادینان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێن”ئەم بابەتە نابێ بێدەنگی لێ بکرێت و ئێمە لای خۆمانەوە بە وردی کار لەسەر تەواوی ئەو بڕگانە دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە گفتوگۆی چالاکوان و رۆژنامەنوسان لەگەڵ باڵیۆزخانەو کونسولگەری وڵاتان”.
 
ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌:
 
 
راگەیەندراو بۆ ڕای گشتی
 
لەئێستادا گفتوگۆی گەرمی لایەنە سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوی عیراق و کوردستان و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکان بەڕێوەدەچێت. لەگەرمەی ئەو گفتوگۆیەدا سزای زیندانیکراوانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزەوە سەپێندرا و حوکمی شەش ساڵەکە بوە بڕیارێکی چەسپاو.
 
ئەم هەوڵەو لەم کاتەدا دوو ئامانج بۆ ستەمکاران دەپێکێت، لەلایەك لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵن بە گفتوگۆی سیاسی و پێناچێ هەڵوێستی توندیان هەبێ سەبارەت بەو کەیسە. لەلایەکیتریشەوە ئەو حوکمە ستەمکارانەیە دەچەسپێت کە بەناهەق بەرامبەر گیراوانی بادینان دەرکراو ئیتر دەبێتە وانەیەکیش بۆ خەڵکانیتر.
 
ئەم بابەتە نابێ بێدەنگی لێ بکرێت و ئێمە لای خۆمانەوە بە وردی کار لەسەر تەواوی ئەو بڕگانە دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە گفتوگۆی چالاکوان و رۆژنامەنوسان لەگەڵ باڵیۆزخانەو کونسولگەری وڵاتان. پێویستیشە دامودەزگا دادوەرییەکانی عیراق لەم بابەتەدا رۆڵیان هەبێت و نەهێڵن چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت.
 
د.غالب محمد علي
د. رێبوار کریم محمود
سەرکەوت شمس الدین