سنورمیدیا
 
موشەکە چینییەکە تادێت لە زەوی نزیکتر دەبێتەوە، بەپێی پێشبینى ناوەندە زانستیەکان وادەى کەوتنەخوارەوەى لەنێوان هەشت بۆ نۆى ئایار دەبێت و چەندین شوێن مەترسیان لەسەرە، لەناویاندا هەرێمى کوردستان.
 
لوقمان حەوێزی ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی لە تەکساس لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا کاتژمێر بە کاتژمێر پێنتاگۆن و ئاژانسی ناسا و ئاژانسی ئاسمانی ئەوروپی و هەروەها ڕووسیەکانیش بەوردی چاودێری ئەو پارچە و قاوغە گەورەیەی ئەو موشەکە چینیە دەکەن کە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و بەرەو زەوى بەڕێوەیەیە.
 
دەشڵێت، موشەکەکە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 29ی نیسانی 2021 لەلایەن چینەوە هەڵدرا، کە هیچ پارچەیەکی دیزاین نەکراوە بۆ خستنە خوارەوەی کۆنتڕۆل کراو، لەئێستاشدا گەیشتووە خێراییەک کە پێی دەووترێت خێرایی خولگەیی orbital.speed بۆیە یەکسەر هەر خۆی زوو و بەخێرایی بەرنابێتەوە سەر زەوی، ئەو بەربوونەوەیە بۆ تەنێکی ئاوا لەو شێویە ماوەی چەند ڕۆژێک تا چەند هەفتەیەکی پێویستە.
 
 
بەوتەى حەوێزی، بەپێی وردترین پێشهاتی ناوەندە زانستیەکان کاتی کەوتنە خوارەوەکە لەنێوان بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو 8ی ئایار تاوەکو کۆتایی ڕۆژی یەکشەممە 9 ی ئایار دەبێت، شوێنی کەوتنەخوارەوەکەشی دیار نیە، بەڵام لەسەر شوێنێکی هێڵە پانیەکانی نێوان باکوری شاری نیویۆرک تاوەکو ووڵاتی چیلی دەبێت، ئەمەش بێ گومان هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەگرێتەوە بە کوردستانیشەوە.
 
 
“لە دەوروبەری بەرزی 50 کیلۆمەتریش لەبەر زۆری هێزی لێخشاندنی هەوا زۆر گەرمتر دەبێت تا ئاستی توانەوە و ئیدی پارچە پارچە دەبێت و بەشێوەی بڵێسەی ئاگر ئەو پارچانە دەبینرێن و دێنە خوارەوە”.
 
حەوێزى دەڵێت لەبەر ئەوەی بزوێنەرەکانی قورستر و ڕەقترن لە قاوغەکە بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لایەنی کەم پارچەی ئەو بزوێنەوانە بگەنە سەر ڕووی زەوی و بەهۆی ئەوەش کە 70% ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە بۆیە ئەگەری کەوتنەخوارەوەی ئەو پارچانە لەسەر ووشکایی کەمترە.
 
هەروەها لەبەر ئەوەی لەسەر ووشکاییش ڕووبەری شار و شارۆچکە و دێهاتەکان بەبەراورد بە ڕووبەر و پانتاییە بەتاڵەکان زۆر کەمترە بۆیە ئەگەری کەوتنەخوارەیان لەسەر شار و دێهاتەکانیش زۆر کەمە، ئەوەی سەیر و سەمەرەشە لەم بابەتە گرنگەدا ئەوەیە کە تا ئێستا چینیەکان هیچ نقەیان لێوە نایەت.