سەرۆک كۆماری عێراق پێشوازی لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، عێراق جەختدەکاتەوە لەپێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و ھێنانەکایەوەی سیستەمێکی کاری ھاوبەشی ھەرێمایتی و نێودەوڵەتی بۆ بەرنگاربونەوەی ئاڵنگارییەکان.
 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بریت مەگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و دیرێک شولیت، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و جوی هوت، یاردەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژھەڵات و خاتو دانا سترول، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاس و سەبارەت بە دواین گۆڕانکارییەکانی جێی بایەخی هەردو وڵات لە ناوچەکە و جیھان گفتوگۆی لەبارەوەکرا.
 
 
ئەوەش هاتوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیانە لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و رۆشنبیری لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات بەگوێرەی بەرژەوەندی هاوبەش، ھەروەھا جەختکرایەوە لەگرنگی درێژەدان بەکاری ھاوبەش بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر لە تەواوی ناوچەکەدا.
 
سەرۆک بەرهەم جەختیکروەتەوە لەوەی عێراق روەو سیاسیەتی هاوسەنگ هەنگاو دەنێت لە پێناو کەمکردنەوەی قەیران و گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ھاوکات دوپاتیکردەوە بەهێزکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق دەبێتە ئامڕازێکی گرنگ و سەکۆیەک بۆ بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە بەگژاچونەوەی تیرۆر، بەهێزکردنی ئاشتی ناوچەکە، بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی ژینگە، هۆکارەکانی گۆڕانی کەش و هەواو و بە بیابان بون، کارکردن لەسەر پەرەپێدانی وزەی پاک، پاراستنی ژینگە و بەرێوەبردنی دۆسییەکانی سەرچاوەی ئاو، لە رێگەی ھێنانەکایەوەی سیستەمێکی کاری ھاوبەشی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
 
لەراگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتوە، شاندی ئەمریکا جەختیانکردەوە لە پابەندبونی واشنتن بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و ئارامی و سەروەری عێراق و بەگژاچونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابوری و درێژەدان بە کار و هەماهەنگی هاوبەش لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان هەردو وڵات لە تەواوی بوارەکاندا، بەجۆرێک ببێتە مایەیی ھێنانەدی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هەردو وڵات و گەل.