لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناوەرۆکی کۆبونەوەکانی ئەمڕۆی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ نیچیرڤان بارزانی ئاشکراکرد.
لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناوەرۆکی کۆبونەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ئاشکراکرد و رایگەیاند،” گفتوگۆمان دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی ئێستا، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نوسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان کرد.”
 
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کرد،” لەو کۆبونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کاری پێکەوەیی لە پێناو دروستکردنی متمانەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئیمزاکراوانەی کە لە نێوان لایەنەکان هەیە، بە تایبەت لەسەر بابەتە نیشتیمانی و ستراتیژییەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.”
 
هەر لەوبارەیەوە نوسیویەتی، جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی ڕەزامەندی هەمو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان.
 
دەشڵێت، ” سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچونە جیاوازەکان.
 
“ڕوناکیمان خستە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە بونەتە مایەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. ڕوانینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانمان دوپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هەر پڕۆژە و بڕیارێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.”
 
وتیشی، ” لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان لایەنەکانمان بە پێویست زانی بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بکرێت لە پێناو داکۆکیکردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان و بەھێزی پێگەی کورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەفەوتانی دەنگی کورد.”
 
ئەمڕۆ بەمەبەستی تاوتوێکردنی رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی لەهەرێمی کوردستانی کرد، لەنێویشیاندا یەکێتی و گۆڕان.