چەندین جار لە قسەکانمدا ئاماژەمکردووە بە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی سۆشیال میدیا لەسەر منداڵەکانمان، لەبەر زۆری رێژەی ئەو کێشانەی رۆژانە دەیانبینین کە چ کارەساتێک ڕودەدات لەنێو کۆمەڵگە، بە گشتی لە چینی هەرزەکار و کچان بە تایبەتی.

بەداخەوە لەبنەڕەتدا کۆمەڵگەی کوردی لەوە تێنەگەیشتوون سۆشیال میدیا بۆچی دروستبووە و چۆن پەرە بە کەسایەتی و لایەنی مەعریفی و ڕۆشنبیری خۆمانی تێدابدەین و سۆشیال میدیا بکەینە لایەنێک بۆ سوودگەیاندن بەخۆمان، و پاشان بەدەوروبەرمان، بەڵکوو لەجێی ئەوە هەندێ جار سۆشیال میدیا بەناوەندێک بۆ تێرکردنی مەرامە ناسروشتییەکان سەیر دەکرێت و لە بوعدە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستێک بۆ هەڕەشە و تەعەدا و دەستدرێژی بۆ سەرنامووسی خەڵکی بەکاردەهێنرێت.

ئەوەی باسی دەکەم نمونەیەکی دیکەی قوربانی سۆشیال میدیا و تایبەتتر بەنەزانی بەکارهێنانی سناپ و تیکتۆکە، لەم رۆژانە دایک و کچیکی هەرزەکار لەگەڵ پۆلیسیک هاتنە پزیشکی دادوەری و بە پەڕاوی فەرمی دادوەریان پێبوو بۆ پشکنینی پەردەی کچینی!!
دوای دانیشتن و پرسیارکردنمان لە دایکی کچەکە کە ئاخۆ کێشەکە چییە؟؟ لە وەڵامدا وتی: کچەکەم لە سناپ کوڕێکی ناسی کەوتە قسەکردن لەگەڵی و کوڕە کچەکەمی فریودا و بەقسەی خۆش و درۆی هێنانیەوە داوای، وێنەی لەکچەکەم کردبوو، ئەویش تەنها وێنەی خۆی بۆ ناردبوو و کورەکە زانیبووی کچەکە تەمەنی گەورە نییە بە کچەکەمی گوتبوو یان پارەم بۆدەهێنی لەماڵەوە یا بە باوکت دەڵێم کە وێنەت بۆناردووم!.
لە ئەنجامی ترسی ئەم وێنەیە کچەکە بڕە پارەیەکی زۆر زۆری لەمالەوە دزی بوو دابوویە دەستی کورەکە.. کە لەمال هەستیان کردبوو و زانیان جۆن ئەم پارە ونبووە و دوای ئاشکرابوونی بابەتەکەو قسەکردنی کچەکە لەلای پۆلیس سکالایان کرد و دوای بەدواداچوون کورەکە دەست بەسەر کرا.
ئێستا ڕەنگە پرسیارتان لا دروست ببێت بۆچی ئەو کچە دێتە پشکنین ؟؟ کچەکەلەم حالەتە بۆیە دیتە پشکنین چونکە دادوەر دەیەوی دلنیا بیت کە کچەکە دەست دریژی نەکراوەتە سەر.

دایکەکە باری دەروونی زۆر خراپ بوو لە راستی هەستم بە ئازاری دایکەکە کرد بەلام تاوانی ئەوانیشی تیدابوو جون مندال بە ئارەزووی خۆی سناپ دابنی ! وو برادەری تیدا دابنی !و بی ئەوەی دایکەکە ئاگاداری بیت یان بۆچی منداڵ بزانیت پارە لە ماڵەوە لە کوێ هەلدەگیریت کەواتە سنوور هەیە بۆ زانینی مندالەکەت ئێمە لە سەردەمێک دەژین ناکرێت بەتەواوی منداڵ دابڕین لە ئینتەرنیت، بەڵام دەکرێت ئاگاداریان بین زیاتر و کاتیان بۆ دابنین بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنیت.

لێرەدا چەند پرسێک دەکرێت گەنگەشە بکرێت:
1- بۆچی دایک و باوکان سۆزی تەواوەتی نادەن بەمنداڵەکانیان بۆ ئەوەی لەم حاڵەتانە کچەکان بەدرۆی کوڕی بێگانە هەڵنەخەڵەتێن و مندالان فێر بکەن کە هیچ شتێک نەشارنەوە لە دایک و باوک لە بەر وشەی ترس.
2- بێکاری دەردێکی گەورەی کۆمەڵگایە، خۆ ئەگەر مرۆڤ کاری هەبێ و سەرقاڵبێت پێیەوە کەمتر کاتی دەبێ سۆشیال میدیا بقۆزێتەوە بۆ کاری نەشیاو و هەڕەشە و تێکدانی شیرازەی هەر خێزانێکی دیکە.
3- بێ پلان و بەرنامەیی لەبەکارهێنانی سۆشیال میدیا، زۆرجار بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت بەبێ بوونی ئامانجێکی دیاریکراو ئینتەرنێت بەکار دێنن، ئەم بێ پلانییە چارەنوسی گەنجەکانمان بەرەو ئاقارێکی هەڵەدا دەبات، کە کۆمەڵگەی کوردی دوای چەند ساڵێکی دیکە ئەو مەترسیانە بەخۆوە دەبینێت.
4- ناهۆشیاری گەنجەکانمان، لەوەی کە سۆشیال میدیا چییەو بۆچی و چۆنی بەکاربێنن، و چ کاتێک بەکاری بێنن، ئایە فەیسبووک و ئینستا و سناپ و تیکتۆک و هتد…) تەنها بۆخۆشی و کات بەسەربردنە؟ یان هۆکارێکی خۆبەرەوپێشبردن و خۆسەلماندن بەکەسایەتیەکی دیاریکراوە، ئایە نابێت بپرسین هاوڕێ و فرێند و فۆڵۆوەرەکانمان کێن و ڕاددەی ناسراوی و کرانەوەمان بۆیان تاچەندبێ.؟
5- دووبارە دایک و باوکەکان بەرپرسیاری یەکەمن، نەفامییە دایبابێک شانازی بکا بەوەی مۆبایلێکی ئاخیرمۆدێل و ئینتەرنێتێکی بێ سنوور بخاتە دەستی منداڵەکەی و لێپرسینەوە و چاودێریکردنێک نەبێت لەوەی کوڕەکەی یا کچەکەی خەریکی چییە و چی دەکات.
ئومێد دەکەم هەریەکەمان وشیارتر و وردتر ئینتەرنێت بەکاربێنین، و بزانین چی دەکەین و چۆن خۆمان لە هەرحاڵەتێکی بەلاڕێدابەری خراپ دەپارێزین.

دکتۆرە دیلمان ئازاد حسن
پسپۆڕی پزیشکی دادوەری
مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی