بەگوێرەی نوسراوێکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتووە، “هاوپەیمانی کوردستان” کە هاوپەیمانێتیی یەکێتی و گۆڕانە، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە کۆمسیۆن تۆمارکراوە.
 
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتییەکیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق پێکهێنا.
 
 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرۆکایەتی “هاوپەیمانی کوردستان” دەکات.
 
بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و بۆ ئەمساڵیش ٢١ ملیۆن دەنگدەر لە سەرانسەری عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە.
 
پێشتر پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە ئەگەر لە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا پەرلەمان لە ٧ی ئۆکتۆبەر خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکەمجارە لە عێراق ئەنجامدەدرێت، ئەوەش لەدوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکان و دواتر پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە، بەجۆرێک عێراقی لە 18 بازنەوە کرد بە 83 بازنە.
 
بەپێی یاسای هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق لە 329 ئەندام پێکدێت ئەوەش دابەشکراوە بەسەر ناوچەکاندا و هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 44 کورسی بەردەکەوێت، هەروەها شاری کەرکوک 13 کورسی هەیە.