بەهۆی كاریگەری ناوچەیەكی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و خێرایی با زیاد دەكات و پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن.
 
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی كاریگەری ناوچەیەكی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست بارانبارین لەبەشێكی ناوچەكان دەست پێدەكات و سەرەتاش لەسنوری ناوچە شاخاویەكان و بەپێی كات شۆڕدەبێتەوە بەرەو سەنتەری شارەكانی هەولێر و دهۆك و موسڵ و كەركوك و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین.
 
ڕوونیشی كردەوە، شێوازی دابارینەكە لەشوێنك بۆ شوینێكی تر جیاوازە و لەهەندێك شوێن تەرزە و بارانی بەهێزە و لەهەندێ شوێن بارانی مام ناوەندە، واتە بەشێوەی بارانی بەهارییە.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، كاریگەری ئەم شەپۆلە بارانە تا درەنگانی شەوی سێ شەممە 4ی ئایار بەردەوامی دەبێ و دواتر كۆتایی پێدێت، چەقی كاریگەری شەپۆلەكە لەڕۆژانی یەك شەممە و دوو شەممە دەبێت.
 
دەشڵێت: “هۆشداری دەدەین لە ڕوودانی هەورە بروسكەی بەهێز لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەتایبەت لەنێوان ئێوارەی یەك شەممە و نیوەڕۆی دوو شەممە و بەزۆریش سنوری پارێزگای سلێمانی و خێرایی با بەڕێژەی 20 بۆ 28 كیلۆمەتر چالاك دەبێت سەرەتا ئەگەری تەپوتۆزی ناوخۆیی هەیە دوورنیە لەپێش باران بایەكی توند هەڵبكات”.
 
ئەو شارەزایەی كەشناسی ڕاشیگەیاند، لەدرەنگانی شەوی سێ شەممە كۆتایی بەم شەپۆلە دێت و بەڕێژەی 5 بۆ 7 پلە، پلەكانی گەرما نزم دەبنەوە و بەگوێرەی نەخشەكان چەقی ئەم بارانە دەكەوێتە ئیدارەی ڕاپەڕین و سلێمانی و سنوری چەمچەماڵ و كەركوك.