مەلا بەختیار دەڵێت، هێشتا دیموکراسی، دادپەروەری و خۆشگوزەرانی زۆری ماوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەدیبێت.
 
 
لە گوتەیەکدا بۆ ژمارەیەک خوێندکار و وەرزشوانی شاری کەرکووک، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، هەرکاتێک لە عێراقدا باسی هەڵبژاردن دەکرێت، ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە “ئایا عێراق بووەتە سیستەمێکی دیموکراسی یاخود نا؟”
 
 
مەلا بەختیار لەوبارەیەوە رایگەیاند، “راستە سەداممان لەنێوبرد و کوردستانمان رزگارکرد، بەڵام دیموکراسی، دادپەروەری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و کوردستانیش زۆری ماوە بەدیبێت. مادام دیموکراسی لە عێراقدا بەدینەهاتووە، کەواتە لە کوردستانیش زۆری ماوە بەتەواوەتی بێتەدی، چونکە دیموکراسی پرۆسەیە و رێگەیەکی دوورودرێژە و هەڵبژاردنیش ئەركێک و رێگەیەکە لە رێگەکانی دیموکراسی”.
 
 
لەبارەی کات و شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەش مەلا بەختیار قسەی کرد و گوتی، هەندێکجار هەڵبژاردن بۆ چەواشەکردنە، چونکە لەکاتی هەڵبژاردندا ساختەکاری دەکەن، “ویژدان دەکڕن، خەڵک دەترسێنن و بەزۆری زۆرداری هێزی سوپا دەبەن”. باسی لەوەش کرد، ئەگەر دەنگدانێک زۆری تێدا بێت و کڕینی دەنگی خەڵکی تێدابێت، ئیدی ئەو پرۆسەیە کەی دیموکراسییە.
 
 
ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لە دۆخی عێراق و کاریگەرییەکەی لەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، دۆخی عێراق راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کەرکووک، خانەقین، شنگال و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
 
 
ئەم گوتەیەی مەلا بەختیار لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەبچێت و پارتە کوردستانییەکانیش مەبەستیانە ژمارەیەکی زۆر کورسی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن.