وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردەدات خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام بێت، راشیدەگەیەنێت، پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ خوێندكاران پوخت دەكرێتەوە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەشكردووە، سەبارەت بەخوێندنی ناوپۆل لەپاش جەژنی ڕەمەزان، لە هەماهەنگی بەردەوام دەبن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی.
دەقی راگەیەندراوەكە:
پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی لە لیژنەی باڵای بەرەنگابونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئاماژە بە مەترسیداریی تەشەنەسەندن و هەڵكشانی بەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات لەهەرێمی كوردستان، خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام دەبێت و وەزارەتی پەروەردە پرۆگرامی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندكاران پوخت دەكاتەوە و تەنها ئەو بابەتانە داخڵ دەبن بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی خوێندن كە پێش مانگی تەموز ئەنجام دەدرێن بۆ قۆناغی( ١ ی بنەرەتی تا ١١ )ـی ئامادەیی.
ئێمە وەكو وەزارەت لە هەماهەنگی بەردەوام دەبین لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بەخوێندنی ناوپۆل لەپاش جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز كە لیژنەی باڵا بریاریداوە لە پێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن چەندین رێككاری دیكە لە كەرتی گشتیی و تایبەت و شوێنە گشتییەكان بگیرێتەبەر ، تا ئەوكاتە پێویستە بەتەواوی پابەندبوون و سوود وەرگرتن لە وانەكان بە شێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و كەناڵی تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەبێت هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاوبگیرێت .
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
٢٨ ی ٤ ی ٢٠٢١