ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ـی٤ـی٢٠٢١ هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازییان کرد لە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدێکی یاوەری.
 
لە دیدارێکدا کە هەریەک لە ڕەفعەت عەبدوڵڵا و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ کارگێڕان و د.سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆی ورد و ھەمەلایەنە لەسەر پێویستیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، ھەماھەنگی، کاری ھاوبەش و بەھێزکردنی ھاریکاریی ئابووری و بازرگانی نێوان ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا لە پێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە.
 
هاوسەرۆکان جەختیان لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە و ئاشتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ پاراستن و ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ.
 
هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان نیشاندا لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ڕایانگەیاند کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەو دانوستانانە دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییانی ئێران کە بە هۆی گەمارۆوە زەرەرمەند بوون، هاوکات دەبێتە مایەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.
 
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران پێزانینی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەو ڕۆڵە گرنگەی یەکێتی دەیگێڕێت بە تایبەت کە لە دوای گۆڕانکاری و ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکە، پێگەی یەکێتیی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەهێزتر بووە.
 
ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوندییەکان و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.