لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی عیراق، كەمتەرخەمییەكی گەورە لەڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب-ی شاری بەغدا دیاری دەكات، سەرۆكی لیژنەكەش ئاشكرایدەكات، رووداوەكە بەهۆی داگیرساندنی هیتەر بووە، ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەكەش، دوو هێندەی ئەو نەخۆشانەیە كە لەنەخۆشخانەكە بوون.

قوتەیبە جبوری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی عیراق، لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی ڕایگەیاند، لیژنەكە سەردانی مەیدانی بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەكە كردووە و چاوی بەبەرپرسانی نەخۆشخانەكە و بەشی چاكسازییەكەی و بریكاری وەزارەتی تەندروستی و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كەوتووە.

وتیشی:” لەمیانی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە، كەمتەرخەمییەكە بەمەبەست نەبووە، بەڵام لیژنەكە كەمتەرخەمییەكی ڕوونی دیاریكردووە لەچاودێریكردنی پێداویستییە كردارییەكانی نەخۆشخانەكانی بەغدا، بەتایبەت لەبەرەی رەسافە، كە ژمارەیان 27 نەخۆشخانەیە و لەنێویشیاندا نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب”.

سەرۆكی لیژنە پەرلەمانییەكە، هۆكاری سەرەكیی ئاگركەوتنەوەكەی ئاشكراكرد، كە لەناو نەخۆخشانەكە هاوڵاتییەك ئامێری (هیتەر)ی كارەبایی بەكارهێناوە، یان رۆنی بەكارهێناوە لەگەڵ بووتڵی ئوكسجینەكان، وتی: ئەم تێكەڵبوونە بووە هۆی تەقینەوەیەكی گەورە.

بەوتەی قوتەیبە جبوری، كەمتەرخەمییەكی گەورە هەیە لەهەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەهاوەڵانی نەخۆشەكان، بەرپرسیارێتی ئەم كەمتەرخەمییەش دەكەوێتە ئەستۆی سیستەمی پاسەوانانی نەخۆشخانەكە.

هاوكات، وەزارەتی دارایی عیراقیشی بەبەشێك لە هۆكاری رووداوەكە تۆمەتباركرد، بەوپێیەی كەمتەرخەم بووە لەتەرخانكردنی گوژمەی دارایی بۆ فەرمانگەی تەندروستی رەسافە، كە ماوەی سێ ساڵە داوای ئەو گوژمەیە دەكات بۆ كڕینی سیستەمی ئاگركوژێنەوە و پاراستنی نەخۆشخانەكە، وەك خۆی وتی:” بەڵام وەزارەتی دارایی وەڵامی ئەو داواكارییەی نەداوەتەوە”.

لەدوای رووداوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، كە زیاتر لە 190 قوربانی لێكەوتەوە، بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەریەك لە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری بەغداو بەڕێوەبەری تەندروستی رەسافە لەكارەكانیان دوورخرانەوە تا ئەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی هۆكاری راستەقینەی ئاگركەوتنەوەكە ئاشكرادەبێت، بە فەرمانی دادگاش بەڕێوبەرو ژمارەیەك لە كارمەندانی نەخۆشخانەكە دەستگیركران.