سنور ميديا

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات لە شوێنێكی نایابی هەولێردا زەوییەك دراوە بە وەبەرهێنێك كە بەھاكەی زیاترە لەموچەی مانگیکی موچەخۆران و زیاترە لە تێچوی شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر.

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بڵاویكردەوە، ئەو نادادی و قۆرخکاری و خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و یاسایەی لە کوردستاندا بۆ زەوی کراوە لە جیھاندا بێوێنەیە.

 

ئەو پەرلەمانتارە لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك، وێنەی زەوییەكی داناوە و لەسەری نوسیوە، ئەم زەویە لە ستراتییژیترین شوێنی ھەولێرو کوردستان عێراقە، ڕووبەرەکەی زیاتر لە ملیۆنێک و٢٥ هەزار مەترە، راستەوخۆ لەسەر شەقامی ١٠٠م لە رێگای فروکەخانەی هەولێر  بەرامبەر  UN  تـــاوەکو دەگاتە ئەربیل سپۆرت سەنتەر و لە پشتەوەش تاوەکو دەگافە شەقامی ١٢٠مەتر، ئەم پرۆژەیەش ڤێلای رووبەر گەورە و  شوقەی VIP یەو کۆمپانیای لالاڤ دروستی دەکات.

 

وەك خۆی نوسیویەتی پاش بەدواداچونەكانی ، ئەگەر ٤٠٪‏ ڕوبەرەکەی بکرێتە سەوزای و خزمەتگوزاری مەترێک زەوی لەم شوێنەدا بەلای کەم ١٢٠٠ دۆلارە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی٧٣٨  ملیۆن دۆلار، تەنیا بەھای ئەم زەویە زۆر زیاترە لە تێچونی شەقامی ١٢٠ مەتری.

 

نوسیویشیەتی، پاش بەدواداچون ئەم پرۆژە وەک وەبەرھێنان دراوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ھەرکێ بیەوێت ئەم زەویە شایستەی پێدەدرێت، ئایا ڕەوایە کۆمپانیایەک مۆڵەتی  ١٩ پرۆژەی نیشتەجێبونێ پێبدرێت و ١٢ لە پایتەخت بێت.

 

دەشڵێت، ھەولێر دەیان زەوی نایابی تێدایە، لە بری ئەوەی چەند کەسێکی پێبکرێتە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار، پێویستە حکومەت خۆی بیرلەوە بکاتەوە لە بری وەبەرھێنەرێک ئەم زەویەی بەپێی ماستەر پلانێکی شایستە بفرۆشێت.