سنور ميديا
لەدوای دەستپێکردنهوهى ئۆپەراسیۆنێكى دیكهى سەربازیی كه لهشهممهى ڕابردوهوه سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لهسنورى پارێزگاى دهۆك دهستى پێكردوه، ژمارهیهك سهربازى بێسهروشوێنن كه لهڕێگهى هێلیكۆپتهرهوه دابهزێنراون، بۆ ئهوهش هاناى بۆ پارتى بردوهو داواى هاوكاریى لێكردوه.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی “میزۆپۆتامیا”، لەدوای پچڕانی پەیوەندیی هێزەکانی تورکیا بەو ژمارە سەربازە، سوپای تورکیا داوای لەپارتی دیموکراتی کوردستان کردووە لەدۆزینەوەو ڕزگارکردنی سەربازەکانیان هاوکاری سوپای تورکیا بکات.
میزۆپۆتامیا بەپشتبەستن بەسەرچاوەی ناوخۆیی باسی لەوەکردووە، سوپای تورکیا شکستیهێناوە لەوەی پەیوەندی بەو ژمارە سەربازەوە بگرێت کە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەرکێکی تایبەت لەڕێگای هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی تورکییەوە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گەریلاكانى پهكهكه دابەزێنراون.
باس لەوەشکراوە، سوپای تورکیا داوای لەهێزەکانی پێشمەرگە (ئهو هێزانهى فهرمان لهپارتى دیموکراتی کوردستانهوه وهردهگرن) کردووە لەپێناو دۆزینەوەو ڕزگارکردنی ئەو ژمارە سەربازەدا هاوکاری سوپای تورکیا بکەن.
لەبەرەبەیانی رۆژی شەممەوە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووەو شەڕو پێكدادانى قورس لەنێوان هەردوولا لەناوچەکانی (زاپ، ئاڤاشینو مەتینا) بەردەوامە