بههۆی سوتانی نەخۆشخانەی –ئیبن خەتیب – لە بەغدا حکومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی سەرتاسەریی ڕاگەیاند.
دوای ئەوەی شەوی ڕابوردوو ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بۆ کۆرۆنا کەوتەوە لە بەغدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٧ کەس و برینداربوونی دەیان نەخۆشی دیکە و زیانێکی زۆر بەر بینای نەخۆشخانەکە کەوت، بە بڕیاری مستەفا کازمی بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە عێراق ڕاگەیەندرا .
گەرچی تا ئێستاش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەتەواوەتی یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام زۆرینەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوەن هۆکاری سەرەکییەکەی کەمی بایەخ وگرنگی پێنەدانە، بۆ ئەو مەبەستە مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و دواتر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند بایەخ نەدان بەو جۆرە کارانەی ببێتە هۆی کارەسات تاوانە ، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکهێنا و فەرمانی دەرکرد لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بگەنە ئەنجام بۆ ئەوەی تاوانبار ، یان کەمتەرخەمەکان بگەن بە سزای خۆیان .
مستەفا کازمی لەو کۆبووەنەوەیەشدا ڕایگەیاندووە : کەس پێم نەڵیت شۆرتی کارەبایی بوو، ئەوە نەنگی و عەیبەیە ، هەرچی فەرمانگە و نەخۆشخانەکانتان هەیە پشکنینی بۆ بکەن، لەمەودوا هەر فەرمانگەیەکی حکومی بە شۆرتی کارەبایی شتێکی لێبێت سزا دەدرێت .