وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرای دەكات، كە وەزیری دەرەوە گەشتێكی دبلۆماسی دەستپێدەكات و تێیدا سەردانی هەرێمی كوردستان-یش دەكات.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ئاژانسی (ئێرنا)ی فەرمی ڕایگەیاندووە، سبەینێ محەمەد جەواد زەریف، گەشتێكی دبلۆماسی دەستپێدەكات و سەردانی قەتەڕ و عێراق دەكات بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و گفتوگۆ كردن دەربارەی دۆخی هەرێمی ناوچەكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەردانەكەی زەریف بۆ قەتەر دوای ئەوەیە، كە هاوتاكەی دوو مانگ لەمەوبەر سەردانی تارانی كرد، كە نامەیەكی ئەمیری قەتەر تەمیم بن حەمەد گەیاندووە بە حەسەن ڕۆحانی و هەروەها سەردانەی بۆ عێراق دوای دوو هەفتەیە لە سەردانی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق بۆ تاران.
بڕیارە لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات.