پارێزگاری هەولێر لەسەر دڕاندن و فڕێدانی لاپەڕەکانی قورئان لەشاری هەولێر هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، ئەو کارە دوورە لە ئاکار و رەوشتی خەڵکی شاری هەولێر، ڕاشیگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و رەفتارە ناشایستەیه ددۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر (هەینی 23ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، “سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وەک سوکایەتیکردن بەپیرۆزییەکانی خەڵك، لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر بڵاوکراوەتەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دڵنییا دەکەینەوە، دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون لە زووترین کاتدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوان و رەفتارە ناشایستەیه ددۆزرێنەوە و بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن .”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو ڕەفتارە ناشایستەیە ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە لەشارەکەمان.”