بارەگای بارزانی لەبارەی دڕاندن و فڕێدانی چەند لاپەڕەیەکی قورئان لە شەقامێکی هەولێر راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، “سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی خەڵك بابەتێكی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە”.
 
 
شەوی رابردوو ئافرەتێک بە ناوی بنار سرێشمەیی ڤیدیۆیەکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە کە چەند لاپەڕەیەکی قورئان بە دڕاوی لەسەر شەقامی 100 مەتریی هەولێر کۆدەکاتەوە، ئەوەش کاردانەوە و تووڕەبوونی بەشێک لە خەڵکی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بەدواداهات.
 
 
بارەگای بارزانی لەبارەی ئەو رووداوە رایگەیاند، “ئەوەی رووی داوە بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵێكی سوورە و، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن و دەبێ رێگە لەو جۆرە تاوان و رەفتارە ناشاییستانە بگیرێت”.
 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو كردە نابەجێیە بێت ئامانجی تێكدانی ئاساییش كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە و، پێویستە بە سزای خۆی بگات”.
 
 
بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە “ڤیدیۆکە ساختەیە، رووداوەکە دروستکراوە و ئامانج لێی خۆدەرخستن و خۆبەربژێرکردنە بۆ پەرلەمان”، بنار سرێشمەیی لەو بارەوە بە میدیایەکی نێوخۆی راگەیاندووە، “ڤیدیۆی قورئانەکە نە سیناریۆیە نە بەنیازی خۆبەربژێرکردنم، سەر بە هیچ حزبێک نیم بە ئیسلامییەکانیشەوە، بە رێکەوت بەو شوێنەدا تێپەڕیم”.
 
 
هەروەها وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییش لەبارەی فڕێدانی قورئانەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتەکە لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ھێڵ بووە بۆ دۆزینەوەی بکەری کردەوەکە کە “دوور لە بەھای ئایینییە، لێرەوە جەخت دەکەینەوە لە مامەڵەی یاسایی و بە سزا گەیاندنی ئەوانەی دەیانەوێت بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز بکەن”.
 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هاتووە، بەتووندی سەرکۆنەی ھەر کار و کردەوەیەکی لەو شێوەیە دەکەن کە “ئەوپەڕی کارێکی ترسنۆکانە و تێکدەرانەیە”.