رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییدا راگەیێندراوێکی لەسەر حوکمدراوانی بادینان بڵاوکردەوە و دەڵێت، پرۆسەی دادگاییکردنیان “کەموکوڕیی گەورە”ی تێدابووە و لە “ئاستی باڵا”دا دەستوەردانی سیاسیی کراوە. رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دادگاییکردنی حوکمداراوان کراوە بووە و ئێستاش وای لێهاتووە “هەندێک رێکخراو کاری یاساییمان بۆ دەکەن”.
راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لەکاتێکدایە، بڕیارە دادگەی تێهەڵچوونەوە بە بڕیاری حوکمدانی دوو رۆژنامەنووس و سێ چالاکڤانەکەی بادیناندا بچێتەوە کە بە تۆمەتی “تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان” سزای زیندانیی شەش ساڵیان بۆ بڕاوەتەوە.
رێکخراوەکە لێکۆڵینەوەیەکی لە سەر وردەکاریی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی دەستگیرکراوەکان ئامادەکردووە.
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەو حوکمداراوانە لە دادگەی تاوانی هەولێر “پڕبووە لە پێشێلکاریی گەورەی دژی ستانداردەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و هەروەها پڕ بووە لە دەستوەردانی سیاسیی لە ئاستی باڵا.”
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوا لە لایەنی بەرپرس لە تێهەڵچوونەوەی بڕیاری حوکمدانە دەکات کە لە کاتی بڕیاردان لەسەر پەسندکردن یان رەتکردنەوەی داوای تێهەڵچوونەوە، ئەو “پێشێلکاریانە لەبەرچاوبگرن.”
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کراوە و بە پشتبەستن بە گوتەی پارێزەر و خزم و کەسوکارەکانیان، دەڵێت، رێگە نەدراوە پارێزەرەکانیان ببینن.
هەروەها هیومان رایتس وۆچ باس لەوەش دەکات، ئەو بەڵگانەی دژی حوکمدراوەکان بەکارهاتوون، کەموکورتی زۆریان تێدایە و رەوایەتیان گومانیان لەسەرە.
بەلقیس ویڵی، لێکۆڵینڤانی باڵا لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت” دادگاییکردنی پڕ لە کەموکوڕی لە هەرێمی کوردستان شتێکی نوێ نییە، بەڵام خراپبەکارهێنانی سەرەتاییترین بنەماکانی دادپەروەری بۆ سزادانی ئەوانەی کە دەگوترێت نیازی خۆپیشاندانیان هەبووە، دابەزینێکە بۆ ئاستێکی دیکە.”
لێکۆڵینڤانەکە دەشڵیت، “بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگە تەنیا وادەکەن ناوبانگی هەرێمی کوردستان هێندەی دیکە خراپ بێت و وەکو شوێنێک بناسرێت کە دەکرێت تێیدا خەڵک رووبەڕووی دادگاییکردنی تاوانکاریی نادادپەروەرانە ببنەوە لە بەرامبەر رەخنەگرتن لەو سیاسەتانەی حکومەت کە رەتیاندەکەنەوە و هەروەها لەبەرامبەر دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لە سەرکردە سیاسییە باڵاکان.”
هەر لەو بارەوە دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، راپۆرتەکە شتێکی نوێی تێدا نییە و دەشڵێت، دەسەڵاتی دادوەری ئەو لایەنەیە کە بەرپرسیارێتی یاسایی لە جۆری سەپاندنی هەر سزایەک و لە جۆری بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەکان هەیە.
دیندار زێباری وتیشی “ئەوەی کە پەیوەندی بە بڕیارەکانی دادگەی هەولێرەوە هەیە، ئەوەی هەبووە دادگاییکردنێکی کراوە بووە و دەسەڵاتی دادوەری تێیدا زۆر روون بووە. ئێستاش بابەتەکە لە قۆناخی پێداچوونەوەدایە. دەبێت هەموومان چاوەڕێی ئەوە بین کە بزانین رێوشوێنە یاساییەکان لە دادگەی پێداچوونەوە چۆن دەبێت. بەداخەوە وای لێهاتووە ئێستا هەندێک رێکخراو کاری یاساییمان بۆ دەکەن”.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبار نییە. حکومەت تەنیا ئەو لایەنەیە کە بڕیارەکانی لایەنی یاسایی و ئەنجوومەنی دادوەری جێبەجێ دەکات. ئەگەر تێبینی لەسەر سەردانکردنی گیراوەکان هەبێت، ئەوە بە گشتییە و بۆ هەموو گیراوەکانە لە هەرێمی کوردستان. لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە رێنمایی هەیە و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو دام و دەزگاکانن. ئەگەر بابەتەکە ئەوە بێت کە ئاستەنگ لە بەردەم سەردانکردنی کەسێک دروستکرابێت، ئەوا نەخێر وا نییە. راسپاردەکان گشتین و ناکرێت لە سەردەمی کۆرۆنادا دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە. ئێمە کێشەیەکی دیکەشمان لە بابەتی زیندانەکان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر زیندانییمان هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی کە تێکەڵاون. بۆیە ئەگەر کەسێک یان دوو کەس لەوانە لە هۆڵێک تووشی کۆرۆنا ببن، مەترسییەکی یەکجار زۆر لەسەر ژیانیان دروست دەکات. بۆیە رێوشوێنەکان زیاتر تەندروستین و پەیوەندییان بە شتێکی یاساییەوە نییە”.