پۆلیسى هەولێر رایگەیاند، بەپێی بڕیارى دادگا و لەسەر سکاڵاى مێردەکەى وردبینى بۆ مۆبایلى ئەو ژنە کراوە کە پۆلیسى بە “بردنى وێنەکانى” تۆمەتبارکرد و جەختدەکاتەوە کە دۆسیەکە لەبەردەم دادوەردایە بۆ یەکلاییکردنەوەى.
 
 
هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند “بەپێی بڕیارى دادوەر دەستبەسەر مۆبایل و پاسپۆرتى ئەو ژنەدا گیراوە، دواى ئەوەى مێردەکەى سکاڵاى لەسەر تۆمارکرابوو کە گوایە بە بڵاوکردنەوەى وێنەى شەخسى هەڕەشەى لێکردبوو”.
 
وتیشى “دواى وردبینى بە پسوڵە مۆبایلەکەى رادەستکراوەتەوە”.
 
 
لەبارەى ئەوەى چى وێنەیەک لەناو مۆبایلەکەى دۆزراوەتەوە، هۆگر عەزیز وتى “تەواوى زانیارییەکان لەو بارەیەوە خراونەتە سەر سیدى و رادەستى دادوەر کراون”.
 
 
ئەمڕۆ لەبەردەم دادگاى هەولێر و بەدەنگێکى بەرز شیلان راى گشتى و کونسوڵخانەى سویدى لەکەیسەکەى ئاگادارکردەوە و پۆلیس و مێردەکەى تۆمەتبار کرد بە “هەڕەشە و بردنى وێنەى ناو مۆبایلەکەى”، بەڵام مێردەکەى تەواوى قسەکانى رەتکردەوە.
 
 
شیلان فەتاح کە خاوەنى رەگەزنامەى سویدییە و لەو وڵاتە دەژى، ماوەى مانگێکە هاتووەتەوە هەرێمى کوردستان و بەوتەى خۆى لەگەڵ مێردەکەى کێشەیان هەیە، بەڵام ئەو منداڵەکانى لێسەندووە و لەبەردەم پۆلیسیش هەڕەشەى لێکردووە.
 
شیلان بۆ چارەسەرى کێشەکانى پەناى بردووەتە بەر پۆلیسى خەبات لە هەولێر، بەڵام توشى شۆک بوو کاتێک پۆلیس تەلەفۆنى بۆ مێردەکەى کرد و روبەڕووى یەکترى کردنەوە.
 
 
“لەبەرچاوى پۆلیس مێردەکەم هەڕەشەى لێکردم و وتى بە ئۆتۆمبیل بەسەر منداڵەکانمدا دەڕوات، منیش نەمدەوێرا هیچ قسەیەک بکەم و پۆلیس رێگەى نەدا، سکاڵام تۆمارکردووە تا دادگا ئاگادار بێت کە سوکایەتیم پێکراوە”، شيلان ئەمڕۆ پێنج شەممە لەبەردەم دادگاى هەولێر بەو شێوەیە کەیسەکەى بۆ رۆژنامەنوسان رونکردەوە.
 
 
شیلان خاوەنى دوو منداڵە، بەڵام بەوتەى خۆى مێردەکەى بە بیانوى کڕینى کەلوپەل بۆیان منداڵەکانى بردووە و بۆى نەگەڕاندووەتەوە.
 
شیلان وتى “پۆلیسى خەبات سوکایەتییەکى زۆریان پێکردووم، تەلەفۆنەکەم کە زۆر شتى تایبەتى تێدا بوو لێسەندم و وێنەیان لێ دەرهێنا”.
 
“جەوازەکەم حجکراوە و فەرمانى دەستگیرکردنمیان بۆ دەرکردووەو گیراوم، دواتر دادگا ئازادى کردم، دەمەوێت باڵیۆزخانەى سوید لەسەرم بێتە وەڵام”، شیلان وایوت.
 
 
دەشڵێت پیاوەکەى بەمەرجى ئەوەى لەهەموو شتێکى خۆت خۆش بیت ئامادەیی نیشانداوە منداڵەکانى بداتەوە.
 
کێشەى شیلان و نەشوانى مێردى دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەڵام ئێستا کە شیلان هاتووەتەوە سەرلەنوێ سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەت کە کێشەى دوو منداڵ لەنێوانیاندا هێشتا چارەسەر نەکراوە.
 
نەشوان مێردەکەى شیلان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتى “شیلان هیچ بەڵگەیەکى پێ نییە بۆ ئەو قسانەى کە کردى، ئەو منداڵەکانى فڕێداوە و لەلاى منن، سکاڵام تۆمارکردووە لەسەرى، سوکایەتى بە من و خێزانەکەم کردووە”.
 
 
نەشوان کە بەهەمان شێوەى شیلان خاوەنى رەگەزنامەى سویدییە وتیشى ئەو لەبنکەى پۆلیس چاوى بە شیلان کەوتووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک کەس هەڕەشەى لێنەکردووە و هیچ کەسیش مافى ئەوەى نییە وێنەى مۆبایلەکەى ببات.
 
باسى لەوەشکرد، ئەوان ساڵى ٢٠١٦ ەوە لەیەک جیابوونەتەوە، بالیۆزخانەى سویدیش ئاگادارە، ئێستاش ئامادەیە منداڵەکانى پێ بداتەوە.
 
 
“هەڕەشەم لێدەکات و داواى شەش دەفتەر دۆلارم لێدەکات، من بە پاراستنەوە ناخوڕم و قسەکانى ئەو لەو بارەیەوە هیچ راستییەکى نییە”، نەشوان لە وەڵامى قسەکانى شیلاندا لەبارەى تۆمەتبارکردنى بەوەى بەناوى دەزگاى پاراستنەوە هەڕەشەى لێکردووە وایوت.
 
وتیشى “بەپێچەوانەوە ئەو بە پاراستن هەڕەشەى لێکردووم”.