سنور ميديا
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، لەسەر کوژرانی ئەو گەنجەی شەوی رابردوو لە حاجیاوا بە دەستڕێژی گوللە کوژرا، دوو کەسیان دەستگیرکردوون.
کاژێر 10:30 خولەکی شەوی چوارشەممە 21-04-2021 لە گەڕەکی دابانی ناحیەی حاجیاوای سەر بە قەزای رانیە گەنجێکی تەمەن 33 ساڵی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین راگەیاند “لەسەر رووداوەکە دوو کەس دەستگیرکراون و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.”
ئەو کەسەی کوژراوە ناوی (سەرھەنگ خاڵند)ـە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت “شوێنەواری گوللە بەجەستەیەوە هەبووە و دوای ئەوەی بردراوەتە دادپزیشکیی رانیە، تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە.”
کوژرانی ئەم گەنجە لە ناحیەی حاجیاوای سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە کاتێکدایە، ماوەیەکە رووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، تاوەکو ئێستا هۆکاری کوشتنی گەنجەکە نازانن و لە لێکۆڵینەوەدان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون.
ئەو کەسەی کوژراوە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بووە و شەوی رابردوو لەبەردەم ماڵی خۆی بە دەستڕێژی گوللە کوژراوە.