سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 123 ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و 23 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دا، پیرۆزبایى لە رۆژنامەنووسان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەکات و دەڵێت، “پشتیوانيی تەواومان بۆ رۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕمان بە ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپاتدەكەینەوە.”
رۆژی (پێنجشەممە 22-04-2021) هاوكاته لهگهڵ دهرچوونی یهكهمین ژمارهی رۆژنامهی (كوردستان) کە 123 ساڵ بهسهر ئهو رۆژه و 23 ساڵیش بهسهر دامهزراندنی سهندیكای رۆژنامهنووسانی كوردستان تێدهپهڕێت.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە یادی ئەو رۆژەدا بڵاوکردەوە و دەڵێت “رەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ رۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی رۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی رای گشتی و رۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا.”
لە کۆبوونەوەی رۆژی 21-04-2021 پەرلەمانی کوردستان بە 101 دەنگ پێشنیازەبڕیاری رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی پەسندکرد و رۆژی 22ی نیسانی هەموو ساڵێک، کرایە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی.
نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵی خۆی بۆ بڕیارەکەی پەرلەمان دەدردەبڕێت و دەڵێت “خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بڕیارى بۆ بە فەرمى ناساندنى 22ى نیسان وەک رۆژى رۆژنامەگەریى کوردى دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانى میر میقداد میدحهت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەكەیان خستە خزمەتى ئازادی و پێشکەوتنى گەلەكەیان و لەپێناو گەیاندنی راستی و گەشەپێدانی رۆژنامەگەریی كوردیدا گیانیان سپارد.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت “بە چاوی رێزەوە لە رۆڵی ئەو دەزگا و رێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە راستگۆیى و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە هەرێمى كوردستان دەكەن، راپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و رێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنى ئازادییەكان دەنرخێنین.”
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له يادى رۆژی رۆژنامهگهريى كورديدا
لە یادى(123) ساڵەی رۆژى رۆژنامەگەریی كوردى و(23) ساڵەى دامەزراندنى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستاندا، پیرۆزبایى لە رۆژنامەنووسان و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم. پشتیوانيی تەواومان بۆ رۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز، دووپات دەكەینەوە.
رەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ رۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەكانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی كایەی رۆژنامەگەری بتوانێت ئەركی خۆی لە هۆشیاركردنەوەی رای گشتی و رۆڵی چاودێرانەی بەسەر کارى دامودەزگاكانەوە بە جۆرێك ببینێت كە ببێتە هاوبەشێكی كاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و كۆمەڵگەدا.
چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، بە رەچاوكردنی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، راستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، كاری خۆیان بكەن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سهقامگيريى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلكارییەكی بوارى رۆژنامەوانى، دەبێت بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.
بە چاوی رێزەوە لە رۆڵی ئەو دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە راستگۆیى و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی رۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمى كوردستان دەكەن، ڕاپۆرتەكانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوتركردنی زەمینە و پاراستنى ئازادییەكان دەنرخێنین.
هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم كە بەداخەوە لە بەشێكی میدیا و سۆشیاڵ میدیای كوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێك نامۆ بە ئاكار و نەریتی کۆمەڵگەى کوردستان و بە مێژوو و كەلەپووری سەنگینی رۆژنامەگەریی كوردی و دوور لە هەموو ئیتیك و بەهایەكی رۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەك سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت.
خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بڕیارى بۆ بە فەرمى ناساندنى 22ى نیسان وەک رۆژى ڕۆژنامەگەریى کوردى دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانى میر میقداد میدحهت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەكەیان خستە خزمەتى ئازادی و پێشکەوتنى گەلەكەیان و لەپێناو گەیاندنی راستی و گەشەپێدانی رۆژنامەگەریی كوردیدا گیانیان سپارد. هیوادارم یادەكانی داهاتوو پێكەوە لە دۆخێكی باشتردا بكەینەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/4/22