سنور ميديا

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کۆبونەوە و جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق كردەوە و پابەندبونی هەرێمی کوردستانیان بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاسایی بودجەی عێراق تاوتوێکرد.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوار شەممە پێشوازی لە ستیڤن هیکی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کرد و لەو كۆبونەوەیەكدا هەردولا جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە عێراق كردەوە کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی بكات.

ئاشکراشیانکرد، لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا هاوڕابون كە پەسەندكردنی یاسای بودجە بە ڕەزامەندی هەولێر و بەغدا دەستپێكێكی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حكومەتی هەرێم و فیدراڵ هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی یاساکە، لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی پابەندبونی هەرێمی بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاساکە دوپات کردەوە و راشیگەیاند بەم نزیکانە شاندی دانوستانکاری هەرێم جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

لەبارەی ناوخۆی كوردستان هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی هەرێم، لای خۆیەوە باڵیۆزی بریتانیا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند،” لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان یارمەتیدەر دەبن بۆ پێشخستنی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان”.

 

لەلایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئارشاک مانوکیان کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێم، لە كۆبونەوەیەكدا هەردولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دو قۆڵییەكان كرد بەتایبەت لە بوارەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری و تواناسازی گەنجان و خوێندنی پیشەیی.