بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، سکاڵا لەسەر ئەو خوێندکارانە تۆماردەکات کە دەرگاو پەنجەرەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان شکاندووە.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت دەکەین و هەوڵدەدەین قۆناغ بە قۆناغ دەرگای خوێندنگاکان بە تەناوب بەڕووی خوێندکاراندا بکەینەوە بەتایبەت بۆ خوێندکارانی قۆناغی (11)ی ئامادەیی کە خۆیان داوایانکردووە.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی راشیگەیاند، داخستنی دەرگای خوێندنگاکان لەسەر بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بووە، ئەگەر دەرگای خوێندنگانیش بەڕووی خوێندکاراندا بکرێتەوە دەبێت پڕۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی بەردەوام بێت.
سەبارەت بە خوێندنی ئەلکترۆنی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتیشی:” خوێندکاران و بەشێکیش لە مامۆستایان ناڕازین لەو سیستمە، بەڵام لە ئەگەری ئاسایی بونەوەی دەوام و کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکانیش دا دەبێت پڕۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی بەردەوام بێت و خوێندنی ناوپۆل دەکەینە هەڵبژاردن لە لایەن دایک و باوکی خوێندکارانەوە، چونکە ناتوانین بەرپرسیاری تەندروستی خوێندکاران هەڵبگرین”.
ئاماژەی بەوەشکرد:” سەرەتای هەفتەی داهاتوو سکاڵا تۆمار دەکەین لەسەر ئەو خوێندکارانەی کە دەرگاو پەنجەرەکانیان شکاندووە و ڤیدیۆکانیان دیارەو دەناسرێنەوە، چونکە ئەمە بۆ جاری دووەمە دووبارە بووەتەوە و جیگەی قبوڵ نییە”.
ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکاران لە بەردەم بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بەمەبەستی لابردنی خوێندنی ئەلکترۆنی گردبوونەوە و دوایانکرد لاببرێت و بگەڕێنەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن.