وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بکوژى ژنە 21 ساڵانەکەى هەولێر کە مێردى خۆى بووە لەناو شار نەماوە و هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنى بەردەوامە.
رێبەر ئەحمەد ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لەدواى ئەنجامدانى تاوانەکە، تاوانبارەکە رایکردووە و لەناو شار نەماوە، هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵى هەوڵى بەردەوامن بۆ دۆزینەوەى شوێنەکەى و دەبێت دەستگیر بکرێت و رادەستى دادگا بکرێت.
وەزیرى ناوخۆ بەشێک لە کەناڵەکانى راگەیاندنى تۆمەتبارکرد بەوەى بووەتە هۆکارى بەرزبوونەوەى حاڵەتەکانى کوشتن و خۆکوشتن بەتایبەت لەلاى ژنان، ئەوەش بەهۆى شێوازى مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەیسانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ تاوانباران و چونە ناو وردەکارییەوە.
وتیشى لەگەڵ داواکارى گشتى قسەیان کردووە کە بەدواداچوونى جدى لەو بارەیەوە بکات و هەر کەناڵێک پێچەوانەى یاسا کار لەسەر کەیسەکان بکات لێپێچینەوەى لەگەڵدا بکرێت.
رۆژى ١١ى نیسان ژنێکى تەمەن ٢١ ساڵان بەناوى زەهرا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەهەولێر کوژرا. لەدواى رووداوەکەوە هاوسەرەکەى هەڵهاتووە و هێشتا دەستگیرنەکراوە.
چەند رۆژێک دواى رووداوەکە مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێم وهزیری ناوخۆی ڕاسپارد بۆ دڵنیابوون لهوهی تۆمهتبارى رووداوەکە به سزای خۆی بگات.