شوان بەرزنجی
رەمەزانەكەی تر ،دۆخی ئابووری باش نەبوو، بازاڕ سست بوو،بەڵام ئەم رەمەزانە جیاوازترە دۆخەكە بەرەو باشترە و مووچە لە كاتی خۆیدا دەدرێت، ئەگەرچی لێڕینی مووچەش هەیە، بەڵام ئەم رەمەزانە لە هەمووی خراپتر ئەوەیە دۆلار گران بووە دۆلار!.
ئەگەر رەمەزانەكەی تر بازاڕ 10% گرانبووبێت، ئێستا تەنها بە گرانبوونی دۆلار 25%كاڵا و خۆراك گرانبووە، ئەگەر بێویژدانی و قۆستنەوەی رەمەزانیشی بخرێتەسەر٫ ئەوە دەچێتە سەرووی 30%.
یانی ئەوانەی قۆرغكار بوون و گراندۆست بوون، هەلی گرانكردنی خۆراك و كاڵایان بەناوی دۆلار گرانبوون زیاتر بووە، ئاساییە دۆلار گرانبووە بازرگان و دۆوكانیش بە نرخی رۆژ كاڵاكانیان بفرۆشن، من ناڵێم با زیان بكەن، بەڵام ناكرێت قۆستنەوەی هەلی تێدا بێت.
پێویستە لایەنی چاودێری بازاڕ چاودێری نرخەكان زیاتر و زۆرتر بكەن، راستە غەرامەی شوێنە گرانجانەكان دەكرێت كە لە ملیۆنێك تاوەكو 5 ملیۆن دینارەبە داخستنیشەوە.بەڵام رەنگە دۆخەكە پێویستی بەوە هەبێت چاودێریەكی تووندتر بخرێـە سەر بازرگانەكانی جوملە بۆ ئەوەی نەهێڵدرێت بەم مانگە پیرۆزە گرانفرۆشی رووبدات و بازاڕ بشێوێندرێت.
لەسەرێكی تر ئەم رەمەزانە دەرفەتێكی باشە بۆ بازرگان و سەرمایەدارەكان بۆ ئەوەی ئۆفەری هەرزانكردن و كێبڕكێی نرخ دروست بكەن ،بۆ ئەوەی هەم خێریان بۆ بنوسرێت و هەمیش قازانجی خۆیان بكەن.
بە پێی ڕێکاری حکوومەت؛ئەگەر یەكێك سەرپێچی بكات دوكاندار بێت بێت یان شوێنێكی تربەپێی غەرامە دەكرێت لە ملیۆنێك دینار تاوەكو 5 ملیۆن دینار، لەگەڵ داخستنی شوێنەكە لە 3 بۆ 5 رۆژ، جگە لەوەی دووبارەی بكاتەوە دەگیرێت و دەدرێـتە دادگا.
بێگومان هەم سزایەكە زیانی ئابووری هەیە، هەروەها ئەو داخستنەش زیانێكی زۆریان لێ دەدات، كەواتە ئەوەی گرانفرشی بكات و قۆڵی خەڵك ببڕێت لە لای خودای گەورە تاوانبارە و سزایەكی قورسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دونیاش سزای ماددی و مەعنەوی دەدرێت و لای خەڵك و كڕیارانیش متمانەی لە دەست دەدات، بۆیە پێویستە بازرگانانی ئێمە هەم كاروكاسبی خۆیان حەڵاڵ بكەن هەمیش دڵی خەڵك خۆش بكەن بە هەرزانكردنی كاڵاكانیان.
رەمەزان مانگی خێر وبەرەكەتە، مانگی دڵخۆشكردنی هەژاران و نەدارانە، بازرگانی موسڵمان و نشتیمان پەروەر، هیچ كات خێر و چاكە و خۆشی خەڵك و میللەتەكەی ناگۆڕێتەوە بە چەند دۆلارێكی گرانفرۆشی، رەمەزان مانگی بەخشینە، نەك مانگی گیرفان گەرمكردن و بێویژدانی و ساغکردنەوەی کاڵای بەسەرچوو.