فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای باسرمە-هەریر، لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلدا لە جۆری بارهەڵگر و ساڵۆن، شۆفێری بارهەڵگرەکە سەری لە جەستەی جیابووەوە.

 فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگای بادرمە-هەریر بووە و لە نزیک کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا بووە، کە کێشەی کۆمەڵایەتی بەهۆی موڵکدارییەوە لەنێوان دوو بنەماڵەدا پەیدا دەبێت و چەند کەسێک لە بنەماڵەیەکیان بە چەکەوە لە ئۆتۆمبێل دادەبەزن و ئۆتۆمبێلەکەیان لە ناوەڕاستی شەقام و رێگای خێرا جێدەهێڵن و دەچن بۆ شەڕکردن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ساتەشدا تڕێلەیەک دێت و شۆفێرەکە پێشبنینی نەکردووە لە ناوەندی ئەو شەقامە خێرایە ئۆتۆمبێلێکی وەستاو هەبێت و لە هەمان کاتدا دەنگی تەقەش دێت، بۆیە خۆی بە ئۆتۆمبێلە سەنییەکەدا دەدات و کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و دەچێتە لایەکی دیکەی شەقامەکە و وەردەگەڕێت.

فازڵ حاجی لە درێژەی باسکردنی چۆنێتی رووداوەکەدا نووسیوشییەتی، کە لە ساتی وەرگەڕانەکەدا شۆفێرەکە لە ئۆتۆمبێلەکەدا دەپەڕێت و دەکەوێتەوە بن ئۆتۆمبێلەکەش بەوەش راستەوخۆ سەری لە لاشەی جیادەبێتەوە.

لەبارەی لایەنی خەتاباری رووداوەکەشەوە رایگەیاندووە، کە شۆفێری سەنییەکە بە خەتاباری سەرەکی رووداوەکە دانراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێم روو لە زیادبوونن و حەفتانە هاوڵاتیان بەهۆی رووداوەکانەوە گیان لەدەستدەدەن.

هاتوچۆش هۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و تیژڕۆیی دەگەڕێننەوە و بەشێکی هاوڵاتیانیش خراپی رێگا و بانەکان بە هۆکار دەزانن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆش لەسەر رێگای هەولێر-مەخمور، لە رووداوێکی هاتوچۆدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری بیجۆی تایبەت بەهۆی تیژڕۆییەوە کۆنتڕۆلی لەدەستدا و بەرەو دورگەی ناوەندی شەقام چوو، لەدواییش خۆی کێشا بەستونێکی کارەبادا، کە لە ئەنجامدا شۆفێرەکەی بە سەختی برینداربوو.