کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی (کیژان) ئەو کچەی ئێوارەی ڕۆژی (یەکشەممە) لەگوندی ژاڵەی سەرو خۆی خنکاند باس لە وردەکاری ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت “ئەو لەچکەی خۆی پێ خنکاندووە ڕۆژێک پێشتر داوای لە (م. ی)ی هاوسەری کردووە بۆی کڕیوە”.
 
 
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی (کیژان قادر) (19ی نیسانی 2021) ئەو ژنەی لە گوندی ژاڵەی سەروی سلێمانی خۆی خنکاند ڕایگه‌یاند”ئەو ژنەی دوێنێ لە ماڵەکەی خۆیان لە گوندی ژاڵەی سەرو خۆی خنکاند ماوەی 6 مانگە هاوسەرگیری کردووە و ئەو لەچکەشی خۆی پێ خنکاندووە ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە داوایکردووە لە هاوسەرەکەی بۆ کڕیوە و هیچ کێشەیەکیش لە نێوانیان نەبووە”.
 
 
باسی لەوەشکرد (م.ی) هاوسەری کچەکە کاری مۆبایل دەکات و دۆخی داراییان باش بووە و ئەو ڕۆژەش خۆی خنکاندووە پاقلەی کوڵاندووە و کاتێک مێردەکەى هاتۆتەوە بۆ ماڵەوە دەبینێت کیژان لە چێشتخانەکە خۆى خنکاندووە و بەر لەوەى ئەو کارە بکات دەرگاى چێشتخانەکەى کڵۆمداوە”.
 
 
بەوتەى کەسە نزیکەکەى ئەو بنەماڵەیە، هاوسەرەکەى کیژان هەوڵێکى زۆر دەدات دەرگاکە بکاتەوە و بەڵام ناتوانێت و دواجار لەلایەن باپیرىیەوە دەرگاکە دەشکێنرێت و جەستەى ساردوسڕى کیژان دەهێننە خوارەوە.
 
 
وتیشى “کیژان بەو لەچکە خۆی هەڵواسی کە ڕۆژی پێشتر (م.ی)ی هاوسەری بۆی کڕی بوو”.
 
 
ئەوەشی وت “ئەو دوو هاوسەرە 6 مانگ پێش هاوسەرگیری خۆشەویستی یەکتر بوون و هیچ کێشەیەک لە نێوانیان نەبووەو لە ئێستاشدا لە قاتی خوارەوەی ماڵی باپیری کچەکە بوون و دوای ڕووداوەکەش کوڕەکە دەستگیرکراوە”.
 
 
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى ڕایگەیاند “هۆکارى خۆکوشتنەکەى نازانین بەڵام ئەو ژنە بۆ ماوەى 6 مانگە هاوسەرگیرى کردووە و ماڵیان لەژاڵەى سەرووە و مێردەکەى لەماڵەوە نەبووە و لە چێشتخانەکەیاندا بەلەچکەکەى خۆى هەڵواسیوە و گیانى لەدەستداوە”.
 
 
وتیشى “پۆلیس و تیمەکانى بەڵگەى تاوان تەرمەکەیان بردووەتە پزیشکى دادوەرى و کەسوکاریشى ژنەکەش چونەتە بنکەى پۆلیس وتوویانە سکاڵامان لەسەر مێردەکەى هەیە و دواتر قسەى خۆمان دەکەین و پۆلیسیش مێردەکەى دەستگیرکردووە و پڕۆسەى لێکۆڵینەوەش چاوەڕوانى وتەدانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕووداوەکەن لەخێزانى ژن و پیاوەکە”.
 
 
وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى رونیکردەوە، پیاوەکە تەمەنى 25 ساڵە و ژنەکەش تەمەنى لە 19 ساڵیدا بووە.