ئەو پیاوەی لە هەولێر ژنە 21 ساڵانەکەی خۆی کوشت. باوکی حەیدەر 66 ساڵ تەمەنیەتی و لە چوار ژن خاوەنی 20 کوڕ و 12 کچە، دەڵێت، بەردەوام ئاگاداری دۆخی منداڵەکانیەتی و دڵنیایە حەیدەر نەیویستووە ژنی خۆی بکوژێت.
 
 
محەممەد کاکل، باوکی حەیدەر دەڵێت “زیاتر لە 15 جار ئەوانە شەڕیان کردووە و پێکهاتوونەتەوە، بەڵام دایکی ئەو ژنە لێنەگەڕا لەلایەک دابنیشن و ئەو منداڵانەی یەتیم کرد”.
 
 
زەهرا دوای پێنج مانگ تۆران، چوار رۆژ پێش نەورۆز دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی.
 
 
حاجی موسا محەممەد، برای حەیدەر ئاشكرایكرد “وتی بە من، کاکە من دێمەوە، خۆم تەڵاق نادەم، هێنایەوە ماڵەوە، شەوی چوارەم لێرە وتی ئەمشەو دەچمەوە بۆ ماڵی دایکم، دەچم بۆ ساڵۆن سبەی نەورۆزە، منیش سەیارەکەی خۆم پێدان و رۆیشتن، کوڕەکە بردبوویە ساڵۆن و لای دایکی، زەهرا بە حەیدەری وتبوو چاوەڕێ بکە دەڕۆم تاوەکو لای ئەو بەرگدرووە، هەر چاوەڕێی کردبوو، هەر نەهاتبوو و شەوی بەسەردا داهاتبوو، تەلەفۆنی بۆ هەموو کەس کردبوو، بۆ دایکی و باوکی، گوتبوویان نازانن لەکوێیە”.
 
 
سێ منداڵەکەی زەهرا لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا و ئێستاش لای دایکی حەیدەر ماونەتەوە.
 
 
خولیقە محەممەد، دایکی حەیدەر دەڵێت “من لێیان خۆش نابم بە هیچ شێوەیەک، کوڕەکەی من بۆ خۆی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە”.
 
 
ئەبوبەکر محەممەد، ئەو مەلایەی کە زەهرا و حەیدەری مارە کردووە، رەتیدەکاتەوە زەهرا لە هاوژینەکەی جیابووبێتەوە. وتی “زۆرجار شتی وام کردووە، بەڵام لەڕووی شەریعەتەوە دروستە، لەڕووی یاساییەوە راستە نابێت، ئەو ژنە داوای تەڵاقی کرد، حەیدەر گوتی بە مەرجێک لەسەر لاپەڕە بنووسرێت و واژۆ بکرێت، بەڵام ژنەکە رەتیکردەوە”.
 
 
حەیدەر محەممەد دوای کوشتنی ژنەکەی هەڵاتووە، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە باسی رۆژی کوشتنی ژنەکەی کرد و قسەکانی باوکی زەهرا رەتدەکاتەوە و دەڵێت “چوومە ژوورەوە، خاڵیشی لەگەڵم بوو، وتی وەرە خێزانەکەت ببەرەوە، گەر نەیانداوە ئەو کات بۆ خۆت بیکوژە، باوکی و هەموویان وایان وت، چوومە ژوورەوە، وتیان لێرە نییە، چوومە ژوورەوە خۆی حەشاردابوو. وتم وەرە با بچینەوە، لەپشتەوە لە منیان دا، منیش لەوانم دا.. [ئەوە کارێکی] هەڵەیە، بەڵام ناچار بووم، چی بکەم، نامووسی من لەگەڵ کەسی دیکە بڕوات، ئەوە دەکرێت؟ بابیشی وتی بە من، ئەگەر پیاو بیت بۆ خۆت دەیکوژیت، منیش پاڵپشتیت دەکەم و پەنجەمۆریشت بۆ دەکەم، هەموو مامەکانی و خاڵەکانیشی وتیان نابێت تۆ بگیرێیت و حەقی خۆتە. با هەموو ئەوانە بگیرێن، ئەوکات منیش دێم و خۆم تەسلیم دەکەم”.
 
 
زەهرا 11ی نیسان لەسەر رەزامەندیی خۆی لە داڵدەدانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە ماڵی باوکی، رۆژی 16ی نیسان لەلایان هاوژینەکەیەوە کوژرا.
 
 
سه‌رچاوه‌: ڕووداو